کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لابردنی دەمامکی تێرۆرستانی تاوانباری شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی

13:25 - 14 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: دەمامکی تێرۆریستانی بکوژی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لە لایەن عەلی دایی، یاریزانی پێشووی تۆپی‌پێی ئێران و ڕاهێنەری تیمی سایپای ئێرانەوە لابردرا.

تێرۆرکەرانی ڕێبەرانی کورد، کە لە لایەن تیمەکانی تێرۆری سەربە وەزارەتی ئیتلاعات و ڕاستەوخۆ لە ژێر چاوەدێری و بڕیاردەریی ڕێبەری ڕێژیم و سەرکۆماری ڕێژیمی ئێراندان، پاش تێرۆرکردنی ڕێبەرانی کورد و بەتایبەت دوکتور قاسملوو  و هاوڕێیانی، بە هاوکاریی حکوومەتی ئەوکاتەی وڵاتی ئۆتریش (نەمسا)، تێرۆرستانیان لە ئورووپاوە گەڕاندەوە بۆ ئێران و وەکوو خەڵات بە دەمامک و ناوی نوێیەوە پلە و بەرپرسایەتیی گەورەتر و تازەتریان پێ درا.

یەکێک لەو تێرۆریستانەی کە پاش ئەنجامدانی مەئمووریەتەکەی و تێرۆرکردنی نەمر دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی و گەڕانەوە بۆ باوەشی ڕێژیم، بە دەمامک و ناوی نوێ و نهێنییەوە لە چەند شوێنی ئەو وڵاتەدا بەرپرسایەتیی گەوەرتری پێ دراوە، تێرۆریست "ئەمیر مەنسوور بزرگیان" بوو، کە یەکێک لە داڕێژەران و بکەرانی سەرەکیی کردەوە تێرۆریستییەکەی ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش و تێرۆرکردنی ڕێبەرانی کورد بووە، کە پاش چەندین خەڵات و بەرپرسایەتی، لە کۆتاییدا بە ناوی نهێنیی "سەردار غەفوور" بەرپرسایەتیی حەراسەتی گشتیی دەنگوڕەنگی ڕێژیم و پاشان بە ناوی "مستەفا مۆدەبێر"، بەرپرسی گشتیی کۆمپانیای سایپای ئێران و هاوکات سەرپەرەستیی تیمی تۆپی‌پێی سایپای ئێرانی پێ دراوە.

لەم بارەوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە میانەی دەمەقاڵەیەکی نێوان "عەلی دایی" و ئەو تێرۆریستەدا، عەلی دایی لە بەرنامەیەکی "نەوەد"ـی کاناڵی ۳ی نێوخۆیی ڕێژیم، دەمامکی ئەو تێرۆریستە لا دەبات و یەکێک لە ناوە نهێنییەکانی ئاشکرا کرد و وتی: ""من کەسێک بە ناوی "مستەفا مۆدەبێر" ناناسم و ئەو کەسە بۆ من بوونی نییە. تاکوو ئەو جێگایەی کە من بزانم و لە بیرم بێت، ئەو کەسە کاتی خۆی بە ناوی "سەردار غەفووری" و بەرپرسی حەراسەتی گشتیی دەنگوڕەنگ دەناسم. زۆرم پێ سەیر بوو کە ئەو کەسە لە بەرنامەی نەوەددا خۆی بە مستەفا مۆدەبێر ناساند، پاش ئەوەی کە کەمێک قسەی کرد، تۆنی دەنگیم ناسییەوە و بۆم دەرکەوت کە ئەو کەسە هەمان سەردار غەفوورییە و خەڵکی پارێزگای ئەردەبێڵە".

عەلی دایی، لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: "سەردار غەفوور، بەرپرسی حەراسەتی گشتیی دەنگوڕەنگ چۆن بووەتە مستەفا مۆدەبێر بەرپرسی کۆمپانیای سایپا و سەرپەرەستیی تیمی تۆپی‌پێی سایپا، من نازانم؟، خۆزگە کەسێک لە ئیدارەی تۆمارکردنی کەسیەتییەوە دەهاتە ئێرە تاکوو لێی بپرسم کە چۆنە کەسێک دەتوانێت بەو شێوەیە چەندین جار ناو و ناوبانگی خۆی بگۆڕێت"؟

ئەمیر مەنسوور بزرگیان، ئەندامی سەرەکیی تیمی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران، لە ساڵی ۱۳۶۸ی هەتاوی، لە وڵاتی ئوتریش بوو کە بە ناوی دیپلۆماتکارانی ڕێژیم بۆ وتووێژ لەسەر پرسی کورد لەگەڵ ڕێبەرانی کورد بە سەرپەرەستیی دوکتور قاسملوو، لە شاری ڤییەن لە لایەن ڕێژیمەوە نێردرابوو، کە ئەو تیمە دوکتور قاسملوو و هاوڕێیەکانیانیان تێرۆر کرد.

لە ۲۲ی پووشپەڕی ساڵی ۱۳۶۸ی هەتاوی، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری ئەوکاتی حیزبی دێموکرات و ڕێبەری نەتەوەی کورد، لەگەڵ هاوڕێ عەبدوڵڵا قادری ئازەر، نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئۆتریش و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ خەڵکی باشووری کوردستان و دۆستی حیزب و خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە مەبەستی چارەسەریی ئاشتییانەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر میزی وتووێژ لەگەڵ دیپلۆمات تێروریستەکانی ڕێژیمی ئێران بە سەرپەرەستیی محەمەدجەواد سەحراڕوودی و ئەمیر مەنسوور بزرگیان و ....دانیشتبوون، تێرۆر کران و پەیوەست بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدانی کورد و کوردستان بوون.