کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاتولوتەکان بە هاوکاریی ڕێژیم لە شاری "سەردەشت" کەرامەتی خەڵک دەشکێنن

11:44 - 30 خەرمانان 2721

کۆمەڵێک لاتولوت و چەقۆکێش لە شاری "سەردەشت"، بە هاوکاریی سپا و ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، هەڵدەکوتنە سەر خەڵکی ئەو شارە و کەرامەتیان دەشکێنن و ترس و خۆف دەخەنە نێو خەڵک و بەتایبەتی کچەکانەوە.

خەڵک باس لەوە دەکەن کە ئەو لاتانە بە دەمانچە و چەقۆ پەلاماری سەیرانچییان دەدەن و بە هەڕەشە و گوڕەشە ژن و کچەکانیان لەگەڵ خۆیان دەبەن و دەسدرێژیی جینسییان دەکەنە سەر، هەروەها فیلمیان لێ هەڵدەگرن و وەک باج قوربانییانی پێ بێدەنگ دەکەن و پارە و زێڕیان لێ دەستێنن.

شوناسی چەند کەس لەو لاتولوتانە "ڕ-ک"، "ش-ق"، "ک-م"، "س-ڕ"، "ڕ-ح" و چەندین کەسی دیکەن کە باندێکیان بۆ چارەڕەشیی خەڵک پێک هێناوە و جگە لە پەلاماری جینسی، مادەی هۆشبەر لەنێو لاوەکاندا بڵاو دەکەنەوە.

هەروەها چەند مۆرەی سەرەکیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە "سەردەشت"، لەوانە "ح-ک" و "ل-ز"، خەڵکی ئەو شارەیان فێری بازەرگانی و دروستکردنی مادەی هۆشبەر کردووە.

خەڵکی "سەردەشت" بە گشتی بۆ پێشگرتن بەم لاتولوتانە داوایان لە هەموو لایەن و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا کردووە کە هاوکارییان بکەن.

ڕێژیمی ئێران بۆ گوێ لە مستکردن و چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان، لە هەر چەشنە ئامرازێک کەڵک وەردەگرێت، یەکێک لەو ئامرازانە خەڵکانی خۆجێیی و بێ ئیرادەن کە بە ئاسانی لە داوی دوژمنی داگیرکەر دەکەون.