کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاسارییەکانی ڕێژیمی تاران بۆ سازکردنی مووشەکی نوێ بەردەوامە

17:12 - 11 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە پرسی سازکردن و تاقیکردنەوەی مووشەک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوام بووەتە جێگەی ڕەخنەی ڕۆژئاواییەکان و بەتایبەت ئامریکا، کۆماری ئیسلامی هەواڵی سازکردن و تاقیکردنەوەی مووشەکێکی نوێی خۆی بڵاو کردەوە.

هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران ئاشکرای کرد دوو مووشەکی دژەقەڵغانی نوێی بەناوەکانی مووشەکی "تۆفانی ئێم-٣" و مووشەکی "تۆفانی ٧" کە وێرژێنی نوێی مووشەکە دژەقەڵغانەکانی تۆفانی ٣یە تاقی کردۆتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە درکاوە، ئەم مووشەکانە بەهۆی هەستگرە مێغناتیسی و لەیزێرییەکانیانەوە وێڕای شناسایی کردنی ئامانجەکەیان، لە بان سەری ئامانجەکە دەتەقێنەوە.

ئەگەرچی ئامریکا و هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و یەک لەوان فەڕانسە بەردەوام ڕەخنەیان لەم جۆرە چالاکییانەی ڕێژیم گرتووە و وەک هەوڵێک بۆ شێواندنی ئارامی ناوچە و کارتی گوشارێک بۆسەر ڕۆژئاوا ناوی لێ دەبەن، بەڵام لێپرسراوانی ڕێژیم وتوویانە یەک هەنگاویش لە پڕۆژەی مووشەک‌سازییەکەیان ناکشێنەوە.

لە ئەنجامی ئەم لاسارییانەش بەرامبەر بە ئورووپا و ئامریکا، لایەنی سەرەکی  زەرەرمەند خەڵکی ئێرانن؛ پاشانیش ئەم چەشنە کردەوانەی ڕێژیم ئەگەری هەڵایسانی شەڕێکی ساردی هەمەلایەنە لە ناوچەی بەدواوە دەبێت و هێندەی دیکە دەبێتە هۆی لە پەراوێزکەوتنی ئێران.