کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لافاو بڕی ١٩٠٠ میلیارد تمەن زیانی بە پارێزگای "هۆرمۆزگان" گەیاندووە

17:03 - 18 بەفرانبار 2721

"مەهدی دوستی" پارێزگاری "هۆرمۆزگان" وتوویەتی، لافاوی پێشوو نزیک بە هەزار و ٩٠٠ میلیارد تمەن زیانی بە بەشەکانی کشتوکاڵ، باخ، خانووبەرە و ژێرخانەکانی ئەو پارێزگایە گەیاندووە.

پارێزگای "هۆرمۆزگان" کە ئێستا لەگەڵ زۆرترین ڕێژەی تووشبوون بە "ئۆمیکرۆن" بەرەوڕووە، لە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە هەتا ئێستا دەرگیری لافاوە.

بە وتەی "دوستی"، بەهۆی لافاوەوە دوو هەزار یەکەی خانووبەرە لە "هۆرمۆزگان" زیانیان بەرکەوتووە.

دانیشتووانی ئەو خانووانە بەگشتی دەربەدەر بوونە و تەنانەت ئیمکانی لێنانی چێشتی گەرمیشیان نییە، هەروەها ئاو و بەرق و پەیوەندی لەو ناوچە لافاولێدراوانە پچڕاون.

زۆرترین زیان بە شاری "میناب" لە ڕۆژهەڵاتی "هۆرمۆزگان" وەکوو دووەمین شاری گەورەی ئەو پارێزگایە کەوتووە کە بە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، بەرپرسان بۆ پێشگیری لە شکان و ڕووخانی دیواری بەنداوی "ئیستقلال" دەرکەکانی ئەو بەنداوەیان کردوونەتەوە و ئاوەکەیان بۆ لای خانووەکانی خەڵک ئاراستە کردووە.

جگە لەو پارێزگایە زیانی لافاو لە پارێزگای "فارس" هەزار میلیارد تمەن بەراورد کراوە، هەروەها  ٤٨ گوندی "دەشتاری و چابەهار" لە پارێزگای "سیستان و بەلووچستان" لە گەمارۆی لافاودان و ڕێگاکانی پەیوەندیشیان داخراون.