کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لافاو، خۆشییەکانی ساڵی نوێی ڕەواندەوە

12:21 - 6 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هاتنی لافاو لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، سەرەڕای وێرانکردنی شارەکان و زەرەری ماڵیی زۆر، بووە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتیان و زەرەری گیانی زۆری لێ کەوتەوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بارینی لەڕادەبەدەری باران و هەروەها تەرزە لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، لافاوێکی قورسی لێ کەوتەوە کە بەداخەوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان.

ئەم لافاوە زیاتر شارەکانی شیراز، لوڕستان، سیستان و بەلووچستان، گوڵستان، سەرپێڵ، ئەزگڵە، خوڕەماوا و ئێسفەهانی گرتووەتەوە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە دەروازە قورئانی شیرازدا، تاکوو ئێستا تەرمی نزیک بە ٢٠ کەس دۆزراوەتەوە و هێشتا گەڕان بە دوای کەسەکاندا بەردەوامە و دۆخێ شارەکە قەیراناوی ڕاگەیەندراوە.

بە  وتەی کارناسان، پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام، لوڕستان، خووزستان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، کۆهگیلوویە و بوویر ئەحمەد، بووشێهر و هۆرمۆزگان لە مەترسیی هاتنی لافاودان.

لە شاری سنە، هۆشداری بەو خەڵکەی دراوە کە لە نزیک بەنداوی قشڵاخەوە دەژین، بۆ ئەوەی کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و لەوێ نەمێنن، هەروەها لە پارێزگای ورمێدا هۆشداری دراوە کە خەڵک سەردانی هیچ کام لە بەنداوەکان نەکەن و خۆیان بپارێزن.

هەروەها هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.

گرته ڤیدئۆییە بڵاوکراوەکان دەرخەری دۆخی نالەباری خەڵکی کوردستان و ئێرانن، کە زۆربەیان لە سەفەر و پشووی نەورۆزیدا تووشی ئەم حاڵەتە ناخۆشە بوون و لافاو بە یەکجاری دڵخۆشییەکانی ساڵی نوێی بۆ ڕەواندەوە.

لەم نێوانەدا، شارەکانی سەرپیڵ و ئەزگڵە لە پاریزگای کرماشان لەو شارانەن کە زەرەری زۆریان بەرکەوتووە.

خەڵکی سەرپێڵ هەنووکەش پاش نزیک به ساڵ و نیوێک لە ڕوودانی بوومەلەرزەکەی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، هێشتا لە خێوەت و کانێکسدا دەژین، که لافاوەکەی ڕوژانی ڕابردووش بۆ جارێکی دیکە ماڵ و حاڵی تێکدان و ژیانی چەند قات زیاتر ئەستەم کردوونەتەوە. پردی ئەزگڵەش بەتەواوەتی بە هۆی باران و لافاوەوە ڕووخاوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە حاڵێکدا باس لە گواستنەوەی خێوەتی بوومەلەرزەلێدراوان دەکەن، کە پاش ساڵێک و ٥ مانگ هێشتا نەیانتوانیوە سەرەتاییترین پێداویستییەکان بۆ ئەو خەڵکە دابین بکەن.

وادە و بەڵێنە درۆینەکانی بەرپرسانی ڕێژیم، کە لە ماوەی نزیک بەم یەکساڵ و نیوەدا بە خەڵکیان دا و جار نە جارێک لە ڕاگەیاندنەکاندا باسیان لە سەردان بۆ شوێنەکان و پێدانی خانوو و کانێکس بە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی سەرپیڵ دەکرد، لە ڤیدئۆکانی ڕۆژانی ڕابردوودا بەباشی دەرکەوت.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەتایبەت لە کاتی قەیراناویی وەکوو ئێستا، کە لافاو ژمارەیەکی بەرچاو لە شارەکانی کوردستانی گرتووەتەوە و لە شار و پارێزگاکانی دیکەشدا بە جیددی هۆشداری بە خەڵک دراوە کە خۆیان بپارێزن و لە قەراغی بەنداوەکاندا نەمێننەوە، لە سەفەرە نەورۆزییەکانی خۆیاندان و لەدەستدانی گیانی هاووڵاتییان بە لایانەوە وەکوو ڕووداوێکی سروشتی و زۆر ئاسایی دەبینرێت.

لە بەرانبەر نابەرپرسایەتی و کەمتەرخەمیی بەرپرساندا، خەڵک لە شاەکانی کوردستان و ئێراندا بە مەبەستی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی لافاولێدراو کەمپەینیان ڕێک خستووە، کە لەم نێوانەدا خەڵکی سەرپیڵیش بە هەموو زامەکانی خۆیانەوە هەوڵی سارێژکردنی زامەکانی خەڵکی لێقەوماویان دا و هاودەردی و هاوخەمیان لەگەڵ کردن.

دۆخە قەیراناوییەکان بەتایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا نیشانی داوە، کە ڕێژیمی ئێران بۆ چارەسەریی کێشەکانی خەڵک هیچ کارێک ناکات و دەستەوەستان سەیری نەهامەتی و کێشەکانی خەڵک دەکات، کە ئەمە خۆی یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی پشتکردنی خەڵک لە ڕێژیم و ناڕەزایەتیدەربڕین بە حاکمییەتی ئێستەی ئێرانە.