کوردستان میدیا: ئیدارەی میراتی فەرهەنگی و گەشتیاریی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە لافاو خەساری بە ١٩٨ ئاسەواری مێژوویی گەیاندووە.
"بێهرووز عومرانی"، بەرپرسی لێکۆڵینەوەی میراتی فەرهەنگی و گەشتیاریی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "بەپێی ئامارە بەردەستەکان، ١٩٨ میراتی فەرهەنگی، بە هۆی لافاوەوە خەساریان بەرکەوتووە."
ئەم بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها وتوویەتی: "لە ئێراندا، دوای بوومەلەرزە، لافاو بەڵڵایەکی گەورەی سروشتییە کە دەبێتە هۆی وێرانکردنی میراتە فەرهەنگییەکان".
ئەم ئامارەی ڕێژیم وەکوو ئامارەکانی دیکەی، جێی باوەڕ نییە و خەسارەکان زۆر زیاتر لەوەن و ڕێژیم لەم بارەشەوە ڕاستییەکان چەواشە دەکات و تەنانەت ڕێژەی قوربانییانی ڕووداوەکە دەشارێتەوە.
ڕێژیمی ئێران جگە لەوەی هیچ بەرنامەیەکی بۆ بەڕێوەبەریی قەیرانەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە بەڵڵا سروشتییەکان نییە، هیچ پلانێکیشی بۆ پارێزگاری لە ئاسەوارە مێژوویییەکان نییە و خەسار بەم میراتانە دەگەیەنێت.
هەروەها ڕوودانی لافاو لە گوڵستان، شیراز، سەرپێڵزەهاو، ئەزگڵە، خوڕەماوا، سیستان و بەلووچستان، ئیسفەهان و کوهکیلوویە و بویرئەحمەد، جگە لە خەسار بە ئاسەوارە مێژوویییەکان، خەساری گیانی و مادیی گەورەیشی لێ کەوتووەتەوە.
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە دۆخە قەیراناوییەکانیشدا دەست لە وتنی خورافه هەڵناگرن و لەو ڕێگایەوە هەوڵی چەواشەکردنی ڕاستییەکان و بەلاڕێبردنی پرس و بابەتەکان دەدەن.