کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لافاو زیاتر لە ٢ هەزار پردی لوڕستانی لەنێو بردووە

11:10 - 9 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: لافاوی بەهاری ئەمساڵ، زیاتر لە ٢ هەزار پردی لە لوڕستان لەنێو برد کە بەرپرسانی ڕێژیم هەتا ئێستا بەشێکی زۆری ئەم پردانەی چاک نەکردووەتەوە.

 ڕۆژی سێشەممە، ٨ی گەلاوێژ، هەواڵدەری "ئیلنا"ی سەر بە ڕێژیم، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ "عەلی محەممەد ساڵحی نەسەب"، بەناو نوێنەری لوڕستان لە شۆرای باڵای پارێزگاکانی ڕێژیم، ئەنجام دا و لەبارەی زیانەکانی لافاوی بەهاری ئەمساڵ بڵاوی کردەوە: "کێشەی خەڵکی لافاولێدراوی لوڕستان تازە لە دوای ڕۆیشتنی گرووپە جیهادییەکانەوە لە شاری پۆلدۆختەر و مەعموولان دەستی پێکردووە، چونکە ئەم گرووپانە تەنیا خۆڵ و قوڕیان بە شێوەیەکی ڕووکەش پاککردووەتەوە و ئەم خەڵکە لەگەڵ یەک دنیا کێشە ماونەتەوە".

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە لەنێوچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان، سەرمایەی وەرزێڕان، دوکان، خانوو و ماشینی خەڵکی ئەم ناوچانەی کردووە و وتوویەتی: "جیا لەمانە زیاتر لە ٢هەزار پرد لە پارێزگای لوڕستاندا لەنێوچوون کە ٥ دانەیان لەنێو شاری "خوڕەمئاوا"دا بووە کە ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی ترافیک و هەروەها زیانێکی زۆریشی بە ژێرخانەکانی ئەم شارە گەیاندووە".

"ساڵحی نەسەب" لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە ١ هەزار ٢٠٠ کیلۆمیتر ڕێگاوبانیش بەهۆی لافاوەوە لەنێوچوون.

ماوە بە ماوە، بەرپرسێکی ڕێژیم لەبارەی زیانەکانی لافاوەوە ئامارێک بڵاو دەکاتەوە و هیچ قسە و کردارێک لەبارەی چاککردنەوەی ئەم ناوچانە نە دەبیسترێت و نە دەبینرێت.

هەروەها بە سەرنجدان بە دۆخی  ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی پارێزگای کرماشان، کە دوای تێپەڕینی نزیک بە دوو ساڵ بەسەریدا، هێشتا وەک وێرانەیەک ماوەتەوە، دەتوانین پێشبینیی دۆخی ناوچە لافاولێدراوەکانیش بکەین.