کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لافاو لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەردەوامە

14:02 - 7 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بارینی لەڕادەبەدەری باران و هەروەها تەرزە لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، لافاوێکی قورسی لێ کەوتەوە کە بەداخەوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هاتنی لافاو لە شار و گوندەکانی کوردستان و ئێراندا، ماڵوێرانییەکی زۆری لێ کەوتەوە.

ڕوودانی لافاوەکە لە گوڵستان، شیراز، سەرپێڵ، ئەزگڵە، خوڕەماوا، سیستان و بەلووچستان، ئێسفەهان و کوهکیلوویە و بویرئەحمەد، خەساری گیانی و مادیشی لێ کەوتەوە؛ بەڵام ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە چەواشەکردنی ڕاستییەکان و شاردنەوەی قوربانییانی ڕووداوەکە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەیە.

هەر لەم پێوەندییەدا، جەلیل باڵایی، بەرپرسی گشتیی مودیرییەتی قەیرانی پارێزگای کرماشان، لە وتووێژێکی چەواشەکارانەدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیسنا باسی لەوە کردبوو، کە به واتای ڕاستەقینە لەم پارێزگایەدا لافاو نەبووە و کەسێکیش کە لە ڕاگەیەندراوەکاندا گوتراوە بە هۆی لافاوەوە گیانی لەدەست داوە، لە ڕاستیدا کەوتووە نێو ڕووبارەوە و بۆیە خنکاوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵ به ناوی "بێهنام وەیسی"، خەڵکی گوندی کانی عەزیز، دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ٥ی خاکەلێوە، بە هۆی لافاوەوە گیانی لە دەست داوە و هەروەها گرته ڤیدئۆییەکانیش نیشان دەدەن کە پارێزگای کرماشانیش تووشی لافاو بووە.

لەنێوچوونی ماڵ و مەزرا و مەڕوماڵاتی خەڵکی و هەروەها نوقمبوونی گوندێک لە پارێزگای کۆهکیلوویە و بویرئەحمەد، لەو خەسارانەن کە لەم ڕۆژانەدا سەرتاسەری ئێرانی گرتووەتەوە.

شاڕۆخ کناری، فەرمانداری بویرئەحمەد ڕایگەیاندووە: که ڕێژەی بارانبارین لە ئاستێکدا بووە، که بە قایەق سێ گوندمان چۆڵ کردووە و گوندێکیش بە ناوی ئابیدەک زیلایی بەتەواوەتی چووەتە ژێر ئاوەوە.

ناوبراو هەروەها باسی لە لەنێوچوونی ٢٠ شوێنی پەروەرشی ماسی و هەروەها ٢٠٠ سەر مەڕوماڵات لە گوندەکاندا کردووە.

وێنە و ڤیدئۆ بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ویڕای ئاماژە بە ڕووداوێکی دڵتەزێن کە گیانی هاووڵاتییانی خستووەتە مەترسییەوە، ئاماژەیە بۆ نابەرپرسایەتیی بەرپرسانی ڕێژیم کە لەم دۆخەدا جیا لەوەی کە بە هانای خەڵکەوە ناچن، هەوڵ دەدەن کە ڕوودانی ئەم ڕووداوە سروشتییەش پێوەندی بدەنەوە بە شکانی نورمە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن خەڵکەوە، بە شێوەیەک کە یەکێک لە ئاخوندەکانی ڕێژیمی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باسی لەوە کردووە، ئەوە بۆیە ئەو ڕووداوە ڕووی داوە، چونکه خەڵک زەکاتی دارایییەکانیان نەداوە و گوایه خوا قاری لێ گرتوون. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێکخراوی ناسا و رێکخراوی جیهانیی کەشوهەواش پێشتر سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی ئەم ڕووداوە هۆشدارییان دابوو.