کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لافاو هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییان لە ڕۆژهەڵاتدا دەکات

13:21 - 5 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بارینی لەڕادەبەدەری باران لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کێشەی زۆری بۆ خەڵک لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا دروست کردووە، بە شێوەیەک کە هاتنی لافاو هەڕەشە لە گیان و ماڵی خەڵک دەکات.

به هۆی بارینی زۆری باران لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، ئاوی باران شەقام و کۆڵانەکانی تەنیوە و جیا لەوەی کە هاتووچۆی خەڵکی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووەتەوە، ڕووخانی پرد و لەنێوچوونی شوێنەکانی هاتووچۆیش زەرەر و زیانی مادیشی بۆ خەڵک بەدواوە بووە.

لە زۆربەی شارەکانی وەکوو خوڕەماوا، ئیلام و پولدوختەردا لافاو هاتووە و ژیان و گوزەرانی خەڵکی تووشی کێشە کردووە، که ئەمە هاوکاتە لەگەڵ کێشەیەک کە هەر بە هۆی بارانبارینەوە لە گەڕەکە پەراویزخراوەکانی شارەکانی کوردستانیشدا ڕووی لە زیادبوونە و هەڕەشە لە گیان و ماڵی خەڵک بەتایبەت منداڵان دەکات.

هەر لەم پێوەندییەدا، بەپێی گرتەیەکی ڤیدئۆییدا کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە،  زۆربوونەوەی ئاوی باران لە  شاری خوڕەماوا بووەتە هۆی ئەوەی کە ئاستی ئاو بێتە ئاستی پردی ئافەرینەی ئەم شارە و ئەگەڕی ڕووخانیشی بەدواوە بێت؛ هاتنەسەرەوەی ئاستی ئاوەکە تا ڕادەیەک بووە کە خەڵک بە ناچار بۆ پاراستنی گیانی خۆیان ماشینەکانیان بەجێ هێشتووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە پارێزگاکانی سنە، مەهاباد، خوراسان و زۆر پارێزگای دیکەدا بەتایبەت پارێزگاکانی کوردستان، بە هۆی زۆربوونەوەی ئاوی باران و پڕبوونی شەقام و کۆڵانەکان هۆشداریی هاتنی لافاو دراوە و ڕاگەیەندراوە که خەڵک خۆیان بپارێزن.

لافاو یەکێک لە ڕووداوە سرووشتییەکانه کە بەتایبەت لە وەرزە پڕ بارانەکاندا ئەگەری ڕوودانی زۆرە، بەڵام لەبەرچاوگرتنی هەندێک ڕێوشوێن و خاڵی سەرەکی دەتوانێت لە قووڵی کارەساتەکە کەم بکاتەوە. بەرپرسانی ڕێژیمی ئیران لە دروستکردنی گەڵاڵە موهەندسییەکاندا زۆر ناشارەزایانە و بەوپەڕی کەمتەرخەمییەوە دەجووڵێنەوە و هیچ ڕێکارێکی دروست و گونجاو بۆ پێشگرتن یان لانیکەم کەمکردنەوەی ئاست و ڕادەی زیانەکان لە بەرچاو ناگرن و پاش ڕوودانی ڕووداوەکان تەنیا هاودەردیی خۆیان دەردەبڕن.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا هاتنی لافاو لە پارێزگای گوڵستان جیا لەوەی کە کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایەی لێ کەوتووە، لەگەڵ کەمتەرخەمیی لەڕادەبەدەری بەرپرسانی ڕێژیمیش بەرەوڕوو بوویەوە؛ یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیم، باسی لەوە کردبوو که  بەرپرسان لە سەفەری نەورۆزیدان و کاتی ئەوەیان نییە سەردانی شار و گوندە لافاولێدراوەوەکان بکەن.

هاووڵاتییان و بەتایبەت خەڵکی گوڵستان لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕەخنەی توندیان لە ڕێژیم گرتووە کە یارمەتی خەڵک نادەن. هەر لەم پێوەندییەدا خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی سەرپیڵ، بە کۆکردنەوەی یارمەتی چوونە هانای خەڵکی گوڵستانەوە و زیاتر لە ڕابڕدوو نابەرپرسایەتیی کاردبەدەستانی ڕێژیمیان خسته پێش چاوی میدیاکانەوە.