کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لافاوی سیستان و بەلووچستان بەردەوامە

16:31 - 23 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: سەرەڕای ئەوەی کە چەند ڕۆژ بەسەر هاتنی لافاو لە سیستان و بەلووچستاندا تێدەپەڕێت، لافاو و بارینەکان هەروا بەردەوامە و ڕێژیمیش تا ئێستا هیچ یارمەتییەکی بە خەڵک نەگەیاندووە.

شارەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، پاش بارینی بارانی زۆر و هەستانی لافاو، ئێستا لە دۆخێکی قەیراناویدایە و بەرپرسانی ڕێژیم وەک هەمیشە بە پێدانی بەڵێنیی درۆ و چەواشەکاری دڵی خەڵک خۆش دەکەن.

خەڵکی لافاولێدراوی سیستان و بەلووچستان بەهۆی دۆخی قەیراناویی ڕێگاوبانەوە بۆ هاتوچۆکردن و ڕزگارکردنی خۆیان لە لافاو، لە بەلەم کەڵک وەردەگرن.

خەڵکی لافاولێدراوی سیستان لە دەردەکانیان دەدوێن و دەڵێن: "تا گەروو لەنێو ئاوداین و مەڕ و ماڵاتمان ئاو بردوویەتی، ئەی بۆ ئاوڕمان لێ نادەنەوە مەگەر ئێمە خەڵکی ئێران نین؟".

خەڵکی لافاولێدراو بە منداڵ و گەورەوە ڕوویان لە بەرپرسانی ئەو پارێزگایە و وڵات کردووە تا بە هانایانەوە بچن، بەڵام بەرپرسان پلانێکی کارایان بۆ ئەو دۆخە دەکار نەکردووە.

تا ئێستا کەس بە هانای خەڵکی لافاولێدراوەوە نەچووە، جگە لە چەند نموونەیەکی بچووک لە یارمەتییەکانی خەڵک، لەوانە یارمەتییەکانی "تورکەمەن سەحرا"، بەو دروشمەوە کە تەنیاتان نەهێشتین، تەنیاتان ناهێڵین".

دوایین ئاماری نافەرمیی زیانەکانی ئەو لافاوە بەم شێوەیەن: "بچڕانی پەیوەندیی ٥٠٠ گوند، بەسترانی ٢٦ ڕێگای هاتوچۆی لاوەکی، بچڕانی کارەبای ١٣٠ ناوچەی پاریزگاکە، ڕزگا کردنی ٢٠٠٠ کەس لە شارە جیاوازەکاندا، بچڕانی تەلەفۆنی بەشگەلێک لە شارە جیاوازەکان، زەرەر و زیانی بەشی کشتوکاڵییەکان، گیانلەدەستدانی ٣ کەس، هەروەها بریندار بوونی ٨ کەس".