کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لافاوێکی دیکە کوردستان و ئێرانی گرتەوە

11:16 - 7 رەشەمه 2719

لە دوای هۆشداری بۆ بارینی بارانێکی بەخوڕ لە چەندین شاری کوردستان و ئێران، لە یەکەم شەپۆلی بارانبارین لە پارێزگاکانی ئیلام، لوڕستان، خووزستان، کەهگیلویە و بویرئەحمەد لافاو هەستا.

بەهۆی بارینی شەوی ڕابردوو لە سەرجەم پارێزگای لوڕستان، زۆربەی ڕێگاوبانەکانی ئەو شارە داخراون.

دانیشتووانی ٩ گوندی پولدوختەر ماڵەکانیان بەهۆی بارینی بەفر و بارانەوە چۆڵ کردووە و زۆربەی پرد و ڕێگاکان کەوتوونەتە ژێر ئاوەوە.

لە هەندێک گوندەکان دۆخەکە زۆر مەترسیدارە؛ گوندی "حەیات ئەلغەیب" سەر بە شاری چگنی لە پارێزگای لوڕستان وێران بووە.

پردی ئاسنیی بەخشی شاهیوەند سەر بە شاری دوورە بەهۆی لافاو وێران بووە. هەروەها پردی "مەعمووڵان" شکاوە و ئەوەش بووەتە هۆی پچڕانی لوولەکانی گاز و ئاو.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بارینەکان درێژەی دەبێت و لە سەرجەم پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، لوڕستان، خووزستان و چوار مەحاڵ و بەختیاری هۆشداری دراوە.

لە ماوەی ٣٨ کاتژمێردا لە لوڕستان ٩٥ میلیمیتر باران باریوە و ڕێگا سەرەکییەکانی ئەو پارێزگایە داخراون.

ڕێگای ١٥٠ گوندی ئەو پارێزگایە داخراون و هەندێک گوندیش ئاو و گازیان نییە.

سەرەتای بەهاری ئەمساڵ چەندین پارێزگای کوردستان تووشی لافاو بوون و زیانێکی قورس بە خەڵک گەیشت کە هەتا ئێستاش قەرەبوو نەکراوەتەوە. هاتنی دیسانەوەی لافاو دۆخی ژیانی خەڵک لەو پارێزگایانە دژوارتر دەکات.