کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوان و تەندروستیی دەروونی

15:57 - 15 خەزەڵوەر 2721

بێهزاد قادری

تەندروستیی دەروونیی لاوانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هۆکارەکان و لێکەوتەکان

"تەندروستیی دەروونی" بە واتای ئەوەیە کە مرۆڤ بتوانێت لە تواناییەکانی خۆی بە دروستی کەڵک وەربگرێت و پەیوەندییەکی گونجاوی لەگەڵ خەڵکی تردا هەبێت؛ لە ڕاستیدا تەندروستی توانای ژیانکردنێکە کە تێیدا هیچ ئاڵۆزییەکی توند بوونی نەبێت. ئەم بابەتە لە جیهاندا گرینگییەکی تایبەتی پێ دەدرێت و لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر کراوە و دەکرێت. لەم بابەتەدا بەکورتی دەپەرژێینە سەر تەندروستیی دەروونیی لاوانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لێکەوتە گرینگەکانی.

لە ماوەکانی ڕابردوودا سەرۆکی ئەنجومەنی دەروونپزیشکانی ئێران وتبووی: "نزیکەی ٣٠ لەسەدی لاوانی ئێران کێشەی دەروونییان هەیە؛ هەروەها ئەمە بەو واتایە نییە کە ئەو ٧٠ لەسەدەکەی تر تەندروستیی دەروونیی باشیان هەبێت!". هەرچەند لە هیچ بوارێکدا ناتوانرێت پشت بەو ئامارانەی ببەسترێت کە ڕێژیمی ئێران و ڕێکخراوەکانی سەر بەم ڕێژیمە بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام بە هەمان حاڵیش، ئەو ئامارەی کە باسی لێوە کرا بە واتای قەیرانە، قەیراناویتر لەوە ئەوەیە کە سەرۆکی ئەنجومەنی دەروونپزیشکانی ئێران بە ڕاشکاوی گومانی لە تەندروستیی دەروونیی ئەو ٧٠ لەسەدەکەی تر هەیە!

ئاکامی لێکۆڵینەوەیەکی تر لە ئێران پیشانی داوە کە باوترین نەخۆشیی دەروونی لەنێو لاواندا، خەمۆکییە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە لەنێو لاوانیشدا، کچان دوو به‌رابه‌ری کوڕان تووشی خەمۆکی دەبن کە بە ڕای من گرینگترین هۆکاری ئەم بابەتە، داخراویی کۆمەڵگەی ئێران و گوشاری لەڕادەبەدەری ڕێژیمە بۆ سەر ژنان و کچان، هەروەها ئەستاندنەوەی هەر جۆرە ئازادییەکی تاکەکەسی لەوانه‌. وێڕای ئەمانە ئەم هۆکارانە لە گرینگترین هۆکارەکانی خەمۆکییە لەنێو کچان و ژناندا: "هۆکارە ژێنێتیکییەکان، هۆکارە هۆرمۆنییەکان و سترێس و...". بابەتی خەمۆکی لەنێو لاواندا گرینگییەکی زۆری هەیە، چونکە خەمۆکی لە بوارەکانی دەروونی، ڕەفتاری و کۆمەڵایەتییەوە ژێرخانی زۆرێک لە کێشەکانە. خەمۆکی دەبێتە ھۆی گۆڕان یان لادانی ڕوانینی ئەو کەسە بۆ خودی خۆی، ژیانی و کەسانی دەوروبەری، بە واتایەکی تر کەسی خەمۆک بەرامبەر بە ھەموو شتێک ڕەشبینە و بەرامبەر بە ھەموو ڕووداوێک زۆر نەرێنییە و ناتوانێت وا وێنا بکات کە ھەر ڕووداوێک، کێشەیەک یان ھەڵوێستێک بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ چارەسەر دەبێت.

بەپێی هەمان لێکۆڵینەوە، پشکی لاوان لە خەمۆکیدا دەگاتە ٣.١ لەسەد؛ دوای ئەوە نەخۆشییە دەروونییەکانی تری لاوان لە ئێران بە ڕیز بریتین لە: "شەڕاشۆیی ٢.٩ لەسەد، پارانوئید یان بەدگومانی ٢.٧ لەسەد، ڕاڕا یان وەسواس ٢.٤ لەسەد، هەستیاری لە پەیوەندیی دوولایەنەدا ١.٩ لەسەد، پەرێشانی ٢.١ لەسەد و ترس ١ لەسەد". بەڵام بەدڵنیاییەوە ڕێژەکە زۆر لەوە بەرزترە و وەک هەمیشە چەواشە دەکرێت. لەم لێکۆڵینەوەیەدا جیاوازییەکی واتادار لەنێوان کچان و کوڕاندا نییە، بەڵام وەک چۆن کچان زۆرتر لە کوڕان تووشی خەمۆکی دەبن، کوڕانیش زۆرتر لە کچان تووشی "پارانوئید یان بەدگومانی" دەبن.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئێران، دووەمین نەخۆشیی باو لە ئێران لە دوای نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکان، نەخۆشییە دەروونییەکانە. بەپێی وتەی سەرۆکی ئەنجومەنی دەروونپزیشکانی ئێران، دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، لەسەر پەرەسەندنی نەخۆشییە دەروونییەکان کاریگەرییەکی زۆری هەیە. بە واتایەکی تر، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هۆکاری سەرەکیی تووشبوونی خەڵکە بە نەخۆشییە دەروونییەکان، چونکە ئەمە ڕێژیمی ئێرانە کە دەیان قەیرانی لە ئێران و سەدان قەیرانی لە کوردستان خولقاندووە. قەیرانی ئابووری کێشە و گرفتی گەورەی کۆمەڵایەتیی لێ دەکەوێتەوە و کۆمەڵناسان و دەروونناسانیش لەسەر ئەو باوەڕەدان کە پەرەسەندی "دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، گۆشەگیری، شەڕاشۆیی و هەڵسوکەوتی دژە کۆمەڵایەتی"، لە زۆرینەی نموونەکاندا لە کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.

سەپاندن و زۆرەملێیە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بۆ دانانی تاکەکان لە چوارچێوەی ئیدئۆلۆژییەکی دیاریکراو، لە گرینگترین هۆکارەکانی تێکچوونی باڵانسی دەروونیی تاکەکانە. بۆ نموونە، زۆرێک لە کچان و ژنان لە ئێران و کوردستان ناچارن لە دەرەوەی خانووەکەیاندا حیجابیان هەبێت و لە یاساکانی پەیوەندیدار کە بە زۆرەملێ سەپێندراوە پێڕەوی بکەن، لە حاڵێکدا ئەم پێڕەویکردنە بە واتای قەبووڵکردنی ئەو دۆخە نییە و لە ناچارییە.

نەخۆشییە دەروونییەکان کە زۆر توند ببنەوە، لێکەوتەگەلێکی وەک خۆکوژییان لێ دەکەوێتەوە. ئاماری فەرمیی ئێران باس لەوە دەکەن کە ڕێژەی خۆکوشتن لەنێو لاوان بەرزتر بووەتەوە. هەروەها کەسانێک کە هەوڵی خۆکوشتن دەدەن، تەمەنیان کەمتر بووەتەوە و لە شێوازگەلێکی سەیر بۆ خۆکوشتن کەڵک وەردەگرن! شێوازگەلێک کە لاوان بۆ خۆکوشتن کەڵکی لێ  وەردەگرن  بۆ خۆیان بوونەتە کەڵکەڵەیەکی نوێی کۆمەڵایەتی. ئەوان لە خۆهەڵواسین لە شوێنە گشتییەکان و خۆخستنەخوارەوە لە بینا و پردی سەر شەقامەکان و... کەڵک وەردەگرن!

بەڵام بۆچی لاوان کە تازە بەهاری ژیانیان دەستی پێکردووە، بە دەستی خۆیان کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن؟

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ئامارێکدا دەڵێت: "خۆکوشتن سێزدەهەمین هۆکاری مردنە لە گرووپی تەمەنیی ١٥ هەتا ٣٤ ساڵە لە جیهاندا. لە هەر ٤٠ چرکەدا کەسێک لە جیهاندا خۆی دەکوژێت. بەڵام تەمەنی خۆکوشتن لە ئێران تا ئاستی قوتابییانی سەرەتایی و ناوەندی دابەزیوە".

بەپێی ئاماری پزیشکی یاسایی و وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران: "لە ساڵی ٩٧ی هەتاویدا، ڕێژەی خۆکوشتنی گەنجان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ٢٠ لەسەد بووە. ئەم ئامارە زۆر تۆقێنەرە، زۆرێک لەو لاوان و مێرمنداڵانە کە هەوڵی خۆکوشتن دەدەن، لە ئاستی قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندیدان".

لەبارەی هۆکارەکانی خۆکوشتن لەنێوان لاوانی ئێران دەتوانین ئاماژە بەم خاڵانە بکەین: "نەخۆشییەکان و ئاڵۆزییەکانی پەیوەندیدار بە تەندروستیی دەروونی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، بگۆڕە ژێنێتیکییەکان، قەیرانی باڵغی، گۆڕانە هۆرمۆنییەکان، نەخۆشییە جەستەییەکان و ئازارە لەڕادەبەدەرەکان، لاوازیی متمانە بەخۆبوون، هەستی بێ هیوایی، قەیرانی ناسینی خود و ئاڵۆزی لە شوناسی جینسیدا و...".

وێڕای ئەم هۆکارانە، لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ هۆکارگەلێکی تر بەرەوڕوون کە گرینگترینیان بریتین لە: "قەیرانی شوناس و ئەستاندنەوەی هەستی متمانەبەخۆبوون". لەژێر سیاسەتی دژەمرۆڤانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لاوی کورد لەگەڵ قەیرانی شوناس بەرەوڕووە و نازانێت کە کێیە، نازانێت کە خۆی چۆن پێناسە بکات و کاتێک کە ڕێژیم ئەو وەک ئێرانییەک دەناسێنێت، ئەو لاوە لەگەڵ پارادۆکسێکی زۆر بەرەوڕوو دەبێتەوە و تووشی سەرلێشیواوی دەبێت. لەلایەکی ترەوە ڕێژیم هەمیشە ویستوویەتی کە هەستی متمانەبەخۆبوون لە کورد بستێنێت و لەم ڕاستایەدا تایبەتی لەسەر لاوانی کورد کار دەکات، چونکە هەستی متمانە بەخۆبوون یەکێک لە بنەماکانی پێشکەوتنە و ڕێژیم نایەوێت کوردستان پێش بکەوێت.

یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی خۆکوشتن لەنێوان لاوان و مێرمنداڵاندا، کێشە بنەڕەتییە کۆمەڵایەتییەکان و نەبوونی دوورەدیمەنە بۆ داهاتوو. لە ئێران و کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندی، ملیۆنان لاو هیچ هیوایەکیان بە داهاتوو نییە و داهاتووی کارییان ڕوون نییە. لەلایەکی ترەوە هەموو ئازادییەکیان لێ زەوت کراوە و ئیدئۆلۆژییەکی چەقبەستوویان بەسەردا سەپێندراوە، بۆیە بەرزبوونەوەی ئاستی خۆکوشتن لە وەها وڵاتێکدا دوور لە چاوەڕوانی نییە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.