کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی شاری ئورمیە لەبارەی راگەیەندراوی شارەوانیی ئەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕی

23:59 - 11 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لاوانی کوردی شاری ئورمیە لە راگەیەندراوێکدا داوا لە هاووڵاتییانی ئەو شارە کردووە کە لەهەمبەر بڕیارنامەی شارەوانیی ئورمیە ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، لاوانی کوردی شاری ئورمیە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆڵان و شەقامەکانی ئەو شارەدا لەبارەی بڕیارنامەی شارەوانیی ئورمیە و هەڕەشەکانی ئەو ناوەندە لەمەڕ قەدەغەکرانی ناو و دەستەواژەی کوردی لەسەر تابلۆ و دووکانەکان و کەڵک وەرگرتن زمانی ئازەری، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

لاوانی کوردی شاری ئورمیە لە راگەیەندراوێکدا داوایان لە هاووڵاتییانی کورد کردووە لەهەمبەر ئەو بڕیارەی شارەوانی بێدەنگ نەبن و ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن و نەهێڵن کە ناو و زمانی کوردی لەو شاردا قەدەغە بکرێت.

لەو پێوەندییەدا لە شەقامەکانی شوومالی و جنووبی، تەرزیلوو، ئیسلام ئاباد، کوشتارگا، زانکۆی پەیامی نوور، حەکیم نیزامی، شەقامی مودەریس، شەهەرەکی دانشگا ئەو شوێنانەیە کە لاوانی کورد و ئەندامانی حیزبی دێموکرات ئەو راگەیەنراوەیان بڵاو کردووەتەوە.

لە چەند رۆژی رابردووا شارەوانی ئورمیە لە بڕیارنامەیەکدا، رایگەیاندبوو کە هەموو ئەو تابلۆ و نووسراوانەی سەر کۆڵان و شەقامەکان کە بە زمانی کوردی نووسراون، دەبێ کۆ بکرێتەوە و لە زمانی ئازەری کەڵک وەورگرن.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا گۆڕینی ناوی کوردی بۆ سەر زمانی ئازەری لەلایەن رێژیمەوە بە مەبەستی دروستکردنی ناکۆکی نیوانی دوو نەتەوەی کورد و ئازەری لەو پارێزگایەدا پەرەی سەندووە.

پاش هاتنە سەر کاری رۆحانی گۆڕنی ناوە کوردەییەکان بۆسەر زمانەکانی فارسی و ئازەری زیاتر لە جاران توندوتۆڵ‌تر بووەتەوە و رێژیم راشکاوانە و لە رێگای بەخشنامەوە ئیدارە و ناوەندە پێوەندیدارەکان بەو کارە ناچار دەکات.

8975.jpg
راگەیەندراو