کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی شاری گوێکتەپە بەبۆنەی بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان پەیامێکیان بڵاو کردەوە

14:02 - 29 جۆزەردان 2721

لاوانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری شاری گوێکتەپە لە پەیامێکدا سپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی خەڵکی کوردستان و شاری گوێکتەپە کرد کە شانۆی هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کرد و پیلانی ڕێژیمیان پووچەڵ کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی کوردستان و دەشتی شاروێران و مەهابادی پێشوای نەمر و دانیشتووانی گۆێکتەپە!

ئێمە وەکوو لاوان و لایەنگرانی ڕێبازی ئازادی، سپاس و ڕێز و پێزانینی خۆمان ئاراستەی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی دانیشتووانی شاری گۆێکتەپەی مەهاباد دەکەین.

لە ڕۆژی شانۆی هەڵبژاردنەکاندا و بەو هەموو پیلانەی کە ڕێژیمی ئێران بۆ ئەم شانۆیەی داڕشتبوو و لە دوای ئەوەیکە هیچ لێزانێک لەم شارە خۆی بۆ شورای شار ناونووسی نەکردبوو و ڕێژیم ناچار بوو بەکرێگیراوانی خۆی نەتەنیا لە گۆێکتەپە، هەڵبەت لە نۆچەی ''جەلال مەحمودزادە''  لە دێهات و شاری مەهاباد، بۆ گۆێکتەپە بنووسێت کە سەرەڕای ئەو هەموو پیلان و پرۆپاگەندەیە، خەڵک بە مستی ئازادی لە دەمی دیکتاتۆری زەمانەیان دا و ''نا''یەکی گەورەیان بە ڕێژیم وت.

بە پێ ئامار، شاری گۆێکتەپەی مەهاباد نزیک بە ۹ هەزار دانیشتووی هەیە و ئەو کەسانەی دەبوایە دەنگ بدەن ۶ هەزار کەس بوون و ئەو کەسانەی لە دەرەوەی گۆێکتەپە بۆ شورای ئەم شارە ناونووسییان کردبوو و تەواوی خزم و تایفەی خۆیان لە دەرەوەی گۆێكتەپە هێنابا، دەبوایە لانیکەم ١٠ هەزار کەس دەنگی دابا، بەڵام بەپێ بەڕێوەبەرانی هەڵبژاردن کە سەر بە فەرمانداریی مەهاباد بوون تەنیا ۱۰ لەسەد دەنگی داوە.

ئەو کەسانەی بوون بە بەربژێریش بە ۳۰۰ دەنگ بوونەتە شورای شار کە جێگەی پێکەنینە بەو شانۆگەرییە و جێگەی داخە بۆ ئەو کەسانەی کە خۆیان کردووەتە داردەستی ڕێژیم.

ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ئەو کەسانەی بوونەتە شورا هیچ پەیوندییەکیان بە خەڵکەوە نییە و نۆێنەری خەڵک نین و شورای ڕێژیمی ئاخوندین نەک شورای خەڵکی ئەم شارە.

هیوادارین ئەوانەی خۆیان لە خەڵک جیا کردووتەوە و بوونەتە کەرەستەی کاروباری ڕێژیم، بە زووترین کات بگڕێنەوە نێو باوەشی نیشتمان.

پیرۆز بێت ئەم سەرکەوتنە

لاوانی شاری شەهیدان سمکۆ مەحمەڵ، قەرەنی مامنەبی، سلێمان بەرمەغ و ڕەشید ڕوستمی‌ئازەر