کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی ناوچەی هەورامان هەڵبژاردنەکانی مەجلیس بایکۆت دەکەن

10:17 - 27 رێبەندان 2719

کۆمەڵێک لە لاوانی گوندی "دەل" سەر بە ناوچەی هەورامان بە بۆنەی بەناو هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

لەو پەیامەدا هاتووە، هەر وەک هەموو خەڵکی ئێران دەزانن ماوەی ٤١ ساڵە کۆماری پەت وسێدارە بەناو ئێسلام و دینەوە حوکم بەسەر ئێران دەکات،بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی لەدینی پیرۆزی ئیسلامەوە هاتووە بۆ ڕەواڵەتیش بێت،جێبەجێی نەکردووە.

ئەو ڕێژیمە بە بەردەوامی کۆمەڵانی خەڵکی چەوساندوەتەوە و گرینگیی بە ویست و داخوازیی خەڵکی نەداوە و بە ناوی دینەوە هەمووی پێشێل کردوە. بەتایبەت ئێمەی کورد کە بەردەوام لەهەوڵی تواندنەوەی نەتەوەکەماندا بووە.

بە کورتی ئەگەر چاو لە مێژووی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئاخووندی بکەین ئەم شتانە دەبینی: "چەوساندنەوە، بێکاری، گرانی، فەسادی ئەخلاقی، فەسادی ماڵی، تیرۆر".

ئەگەر بەگشتی چاو لێ بکەین ئێران کراوەتە زیندانێکی گەوره.

ڕێژیم هەموو جارێک لە کاتی هەڵبژاردنەکان قەوڵ و بەڵێنیی جوان وزریقەداردەدات ئەویش تەنیا بە مەبەستی ڕەوایی دان بەکۆماری پەت وسێدارە بۆ بیرووڕای گشتی.

ئێمە وەک کۆمەڵێک لە لاوانی گوندی "دەل" بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەین و داوا لە هەموو کوردێکی بەشەرەف، بەتایبەت خەڵکی ئەو گوندە دەکەین کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن.