کۆمەڵێک لە لاوانی نییەری هەمیشە دێموکرات و نیشتمانپەروەر بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان پەیامی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پـــێـشـمـەرگـە؛ فیداکارێکی خاکیپۆش لە ڕەگەزی چیا و داربەڕوو...
بە درێژایی مێژووی پڕ لە شانازیی خەباتی ڕەوای گەلی کورد بۆ وەدەستهێنانی ماف و بەرژەوەندی بۆ کوردستان، دوژمنانی داگیرکەر ناچاریان کردووین دەست بۆ چەک بەرین و پەنا ببەینە شاخ و کوێستان بۆ بەرگریکردن لە ئاو و خاک و کەرامەت و شەرافەتی خەڵکی کورد.
لەم خەباتەدا، مرۆڤانێک لە ئەوپەڕی خۆنەویستی و نیشتماندۆستییەوە پێش کەوتن بۆ بەختکردنی گیان و ماڵ و بوون و نەبوونیان، مرۆڤانێک لە ڕەنگی خاک و ڕەگەزی داربەڕوو، سینگیان کردە قەڵغانی گولـلەی داگیرکەران. بەڕاستی چ ناوێک بەرزتر لە "پێشمەرگە" هەتوانی پێناسەکردنی ئەم مرۆڤەی هەیە؟!
بەڵێ، "پێشمەرگە" پیرۆزترین ناو بۆ هێزی چەکداری کوردستان هەڵبژێردرا. هەر وەک دیارە، بە بەردەوامی و فرەڕەهەندبوونی خەباتی کوردستان، واتای پێشمەرگەش گەورەتر و بەرینتر دەبێتەوە، واتە پێشمەرگە بەس هێزێکی چەکدار لە پێشەوەی سەنگەرەکانی بەرگری نییە، بەڵکوو هەر تاکێکی کورد کە بتوانێت بە بیر و بڕوای پێشمەرگانەوە، چ لە شاخ و چ لە شار، لە نێوخۆ یان لە دەرەوەی وڵات لە ئاستی زانین و توانین و دەسەڵاتی خۆیدا خزمەت بە خەباتی خەڵکی کورد بکات، ئەو کەسە پـێـشـمـەرگـەیـە!
ئێمە لاوانی نییەر بەرز و پیرۆز ڕادەگرین ۲۶ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان.
پیرۆز بێت لە هەموو پێشمەرگەکانی شاخ لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان، هەموو پێشمەرگەکانی شار کە لە بوارەکانی جواروجۆردا پێشمەرگەن، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی خۆڕاگر!
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
۲۶ی سەرماوەزی ۲۷۲۰ی کوردی
حدکا ــ نییەر