کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی ''نێ'' لەلایەن ئیتلاعاتەوە هەڕەشەیان لێکرا کە نابێ بۆ شەهیدانی ژینگەپارێز ڕێوڕەسم بگرن

18:26 - 11 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕ، ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای ئیدارەی ئیتلاعاتەوە زۆرێک لە لاوانی شارەدێی ''نێ'' سەر بە شاری مەریوانی بانگهێشت کردووە و هەڕشەی لێ کردوون کە نابێت بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ژینگەپارێز ڕێوڕەسم بگرن.

هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم بۆ شەهیدانی ژینگەپارێز لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە سێڕێیانی شارەدێی ''نێـ''ـی بەستووە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، سێ چالاکی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی "موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی" کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پاوە چووبوون و خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون، گیانیان فیدای نیشتمان کرد.

دوای شەهیدبوونی سێ ژینگەپارێزی کوردستان لە کاتی کوژاندنەوی ئاگری دارستانەکانی ''بۆزین مەرەخێڵ'' خەڵکی سەقز و مەریوان بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی ژینگەپارێز، مۆمیان هەڵ کرد و لە هەموو شارەکانی کوردستان پەیامی هاوخەمیی خۆیان بۆ ئەم ژینگەپارێزانە دەربڕی.

ڕێژیمی ئێران لە یەکگرتن و هاودڵیی خەڵکی کوردستان ترسی هەیە و بۆیە ڕێگا نادات ڕێوڕەسم بۆ ئەو کەسانەی کە لە ڕێگای نیشتمان شەهید کران، بەڕێوە بچێت.