کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی وەرزشوان لە پارێزگای ئیلام لەگەڵ کێشەی زۆر بەرەوڕوون

12:40 - 25 رێبەندان 2721

وەرزشوانانی بواری "کەمەرسا"ی (سنگ نوردی) پارێزگای "ئیلام" وێڕای بەرەوڕووبوون لەگەڵ کێشەی زۆر، داوا لە بەرپرسانی پەیوەندیدار دەکەن کە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن.

ئەو وەرزشوانانە وتوویانە: "هەموو ڕۆژانی جووتی حەوتوو لە کاتژمێر ١٨:٣٠ تا کاتژمێر ٢٠:٠٠ کاتی پڕۆڤەی ئێمە لە ساڵۆنی ئازادیی پارێزگا بووە، بەڵام بە داڕشتنی بەرنامەی هەڵە بە بەریەککەوتنی کاتی پرۆڤەی ئێمە لەگەڵ بەشی بێدمێنتونی ژنان، کاتی ئێمەش تێک چووە و بەرپرسانی تەربییەت بەدەنی لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشە، کێشەی زیاتریان بۆ دروست کردووین".

ئەوان داوایان کردووە کە دوو ڕۆژ جارێک ٣ کاتژمێر کاتی پرۆڤەی تایبەتی خۆیان پێ بدرێت.

ئەوان هەروەها وتوویانە، ئەگەر بەرپرسان ناتوانن کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن، با ئەوان هیچ چاوەڕوانییەکیان نەبێت.

گوێنەدان و چارەسەرنەکردنی کێشەی لاوانی وەرزشوان لەو پارێزگایە لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە تا ئێستا کێشەگەلی زۆری لێ کەوتووەتەوە.