کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی پسپۆری کورد قوربانی تیغی پاکتاوی نژادی دەسەڵاتی تارانن

12:19 - 11 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: سیاسەتی پاکتاوی نژادی کە ساڵانێکی دوور و درێژە دژ بە نەتەوەکانی ئێران و یەک لەوان گەلی کورد، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوە دەچێت پسپۆڕان و خوێندەوارانی کوردی تووشی دۆخێکی نەشیاو کردووەتەوە.

لەمبارەوە دەرچوویەکی زانکۆ لە کوردستان لە وتووێژێکی کورتدا بۆ کوردستان میدیا وتی: "خوێندەوارانی باڵا و پسپۆڕانی کورد لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا، لە ئێران بە گشتی و لە تاران بە تایبەتی، لە گەڵ گرفتی هەڵاواردنێکی سیستماتیک ڕووبەڕوون کە لە جێگە و پێگەی ئەواندا نییە هەر بۆیە دەبێ لەمبارەوە روانگەی نژادپەرەستانە و بەرتەسکی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی ئێران لەقاو بدرێ و بۆ نەمانی ئەم نەخۆشییە ی کومەڵگای ئیران هەنگاوی جیددی هەڵبگیردرێ".

ئەم دەرچووەی زانکۆ کە بۆ خۆی لە شاری تاراندا دەژی و نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێ: "لە درێژەی سیاسەتی هەڵاواردنی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیدا بەشێکی زۆر لە لاوانی کورد کە بڕوانامەی لیسانس، فوق لیسانس و دوکتورایان هەیە، هەلی کاریان بۆ ناڕەخسێ و لە ئاکامدا یان ناچار بە تەرکی وڵات دەبن یان روو لە تەڕەبار و شارەداری تاران دەکەن و خەریکی کاری کرێکارین".

ناوبراو دەڵێ: "بە داخەوە ئەمە پاکتاوێکی نژادی بە برنامەیە کە داوێنی زۆربەی کۆمەڵگەی ئێرانی گرتۆتەوە. خوڵقاندنی فەزای بێ متمانەیی دەرحەق بە لاوانی کورد دیاردەیەکی نەشیاوە و پێویستە کە هەموومان بە گوێرەی توانا و هەلومەرج بەرەنگاری ببینەوە. تا ئیستاشی لە گەڵ بێ هیچ کاربەدستێکی کورد لە جێگەی شیاوی خۆیدا نە کاری پێ دەسپێرن و نە متمانەی پێ دەکەن".

هەر لەمبارەوە هاووڵاتییەکی کوردی نیشتەجێی تارانمان دواند کە ئەویش بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی لە مەیدانی تەڕەباری تاراندا کار دەکات؛ ناوبراو دەڵێ: لە میدانی تەڕەباری تاراندا ژمارەیەکی بەرچاو کوردی لێیە کە خاوەنی بڕوانامەی کارناسی باڵان و شیاوی ئەوەن کە لە بواری توانا و پسپۆڕی خۆیاندا کاری گونجاویان پێ بدرێ؛ شیرکەتمان لە تاران هەیە کە شۆفیڕی لیفتراکەکەی بۆ راگواستنی بار، کوڕێکی خەڵکی جوانرۆیە کە فوق لیسانسی حقوقی هەیە و لە ناچاریدا رووی لەم کارە کردووە، هەر لەوێ لە بەشی بەرهەمهێناندا چەند کرێکاری سادەی کوردی لێیە کە لیسانسیان هەیە. "

یەکێک لەو کرێکارانەی کە لە شاری تاران و لە یەکێک لە شارەدارییەکانی ئەم شارە کاری گسکلێدان دەکات هاووڵاتییەکی کوردستانە کە هەڵگری بڕوانامەی فوق‌لیسانس لە بواری کۆمەلناسییە؛ ناوبراو بەمشێوەیە تێڕوانینی خۆی بۆ دۆخی ئابووریی کوردستان و کاریگەرییەکانی دەربڕی: "بارودۆخی خراپی ئابووریی خەڵکی کوردستان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ توندوتیژی کۆمەڵایەتی کە لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە؛ بێکاری و بێ دەرەتانی ژیان، گوزەرانی خەڵکی کوردستان ڕۆژ لە گەڵ رۆژ بەرەو ئاقارێکی ناخۆش و نادیار دەبات، ئەوە لە حاڵێکدایە کە نرخی شتومەک و کاڵاکان بە شێوەی پلیکانی بەردەوام لە هەڵکشاندایە؛ سەرەڕای هەمووی ئەمانە تەعرفەی ئاو، برق، گاز و تەلەفوون لە لایەن حکومەتەوە بێ لەبەرچاو گرتنی وەزعی مەوجود زیاد دەکرێ.

سەبارەت بە گرانی هەوسارپچڕاوی زاڵ بەسەر کوردستانیش دەڵێ:  "ئەو گرانییە بە جۆرێکە کە خەڵک توانای پەرداخت کردنی فیشەکانی ئاو و برق و گاز و تەلەفوونیان کەم دەبێتەوە، بەجۆرێک کە زۆربەی بنەماڵەکان بە چەند ڕۆژ دواکەوتن پارەی ئەو ئینشعابانە دەدەن".

سەبارەت بەم دۆخە هاوولاتییەکی شاری سەقزیش بە کوردستان میدیای ڕاگەیاند: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیدارەی گاز و ئیدارەی برق لە شاری سەقز بە بۆنەی قەرزداری خاوەن ئینشعابەکانەوە کۆنتۆڕی گازەکانیان لە خەڵک سەندووەتەوە یان هەر بەم هۆکارە برقی زۆر خانویان لە شاری سەقز قەتع کردووە .

هەر ئەمەش وای کردووە کە حاڵەتگەلی توندوتیژی و بێڕێزی کردن بە بەرپرسانی ئیدارەی برق و گازی سەقز بەردەوام ڕووی لە زیاد بوونە و کەمتر ڕۆژێک هەیە کە ڕەئیسی ئەو ئیدارانە نەکەونە بەر ڕەهێڵەی قسەی ناخۆش و توندی خەڵکی وەزاڵەهاتوو .

 بە گوێرەی ئەو زانیارانەی کە دەست ماڵپەری کوردستان میدیا کەوتووە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بەخشنامەی تایبەت لەلایەن پارێزگاری سنەوە دەرکراوە کە تێیدا بە سەرۆکی ئیدارەکان وتراوە لە بەرانبەر ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکدا هەتا دەتوانن پشوودرێژ بن و خۆیان لە کردەوەی هاوشێوە بە دوور بگرن.