ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندان بەشێک لە لاوانی گوندی "گونبەد"ی ناوچەی "سۆما"ی ورمێ لە هەڵمەتێکدا بە مەبەستی پاراستنی ژیانی ئاژەڵ و پەلەوەرە کێوییەکان نان و گەنمیان لە کێو و دەشتەکاندا بڵاو کردەوە.
ئەو لاوانە دەیان بەستە نان و هەروەها گەنمێکی زۆریان لە ناوچەکەدا بڵاو کردووەتەوە.
بەهۆی سەرما و بەستەڵەکی زۆرەوە، ئاژەڵە کێوییەکان لە بەدەستهێنانی خۆراک تووشی کێشە بوونە و لاوانی گوندی "گونبەد" بە بڵاوکردنەوەی نان و گەنم لە کێو و دەشتەکان گرینگییان بە ژیان و مانی گیانداران و ئاژەڵە کێوییەکان داوە.
ئەو لاوانە لەو چالاکییەدا داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد هەڵمەتی لەم شێوەیە بەڕێوە ببەن لەبەر ئەوەیکە لە بەرانبەر ژینگەی کوردستان بەرپرسیارین
هەر لەو پەیوەندییەدا لە شاری شنۆ و چەند شاری دیکەی کوردستان چەند کاناڵی تێلێگرامی داوایان لە خەڵک کردووە بە بڵاوکردنەوەی گەنم و دانەوێڵە لە کێو و دەشتەکان ژیانی پەلەوەر و ئاژەڵە کێوەییەکان بپارێزن.
ئاژەڵان و پەلەوەران بەشێک لە زنجیرەی سروشتی کوردستان دێنە ئەژمار و هیەوە پاراستنی گیانی ئەو ئاژەڵانە پێویستە وەک ئەرکێکی مرویی گرینگیی پێ بدرێت.