کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی ئێرانی لە نەبوونی دەرفەت بۆ خۆشڕابواردنێکی خاوێن، پەنا بۆ دووکەڵەکان دەبەن

12:19 - 30 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لاوانی ئێرانی کە مافی خۆیانە بە باشترین شێواز بژین و لە پێشکەوتووترین پێداویستییەکان بۆ خۆپێگەیاندن کەڵک وەر بگرن، بە هۆی نەزانکارییەکانی ڕێژیم پەنا بۆ سەرگەرمییە ناپاقژەکان دەبەن.

زانکۆی زانستی پزیشکیی ئیسفەهان ڕایگەیاندووە: "لە هەر حەوت کەسدا، کەسێک بە هۆی بەکارهێنانی نێرگەلە و جگەرە گیانیان لە دەست دەدەن."

هەر ئەم زانکۆیە لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی باسی لەوە کردووە، کێشانی نێرگەلە لە لای خەڵک ئاسایی بووەتەوە و تەمەنی بەکارهێنانی ئەم ئامرازە ڕووخێنەرە کە وەکوو کەرەستەیەک بۆ ڕابواردنی کاتە خۆشەکان کەڵکی لێ وەر دەگیردرێت، ١٣ ساڵ دابەزیوە و بەکارهێنانی ٤٠ لەسەد بەرز بووەتەوە.

بەشێک لە لاوانی کوردیش لە خۆرهەڵاتی کوردستان، وەکوو لاوانی دیکەی ئێرانی، کە لە هەموو پێداویستییەکانی ژیانێکی ئارام و هێور بێبەرین و بەهۆی ئەو بەستێنەی کە لە لایەن ڕێژیمەوە بۆ بەلاڕێبردنی لاوان ئامادە کراوە، ڕوویان لە نێرگەلە کردووە.

بەکارهێنانی نێرگەلە و هەموو ئەو شتانەی کە بەرهەمەکەیان دووکەڵە، جیا لە تێچووی ماڵی و بەفیڕۆدانی کات و ساتە باشەکانی ژیان، لە باری تەندروستی و گیانیشەوە کێشەخولقێنن و ساڵانە بە هەزاران کەس بەم بۆنەوە گیانیان لە دەست دەدەن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە، نەک هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرتووە، بەڵکوو ساڵانە لە ڕێگای کارگەکانی جگەرسازی و تەماکۆوە میلیاردها تمەن دەچێتە گیرفانی بەرپرسانیەوە و تەنیا هەنگاوێک کە ڕێژیم لەم بارەوە هەڵیگرتووە، ئەوەیە کە لەسەر پاکەتی جگەرە و تەماکۆوەکان دەنووسێت: "بەکارهێنانی دووکەڵ بەدڵنیاییەوە قەدەغەیە."