کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوی کۆڵبەر

23:25 - 5 گەلاوێژ 2722

ئاکۆ عەلیزادە

لە بارودۆخی ناسەقامگیریی ئابووریی ئێراندا و بەرزبوونەوەی ڕۆژبەڕۆژی نرخی هەڵاوسان پیشەیەک لە نێو خەڵکی کوردستان لەڕووی ناچاری و بێکاری بۆتە باو و خەڵک و بەتایبەت لاوان بۆ بژێویی ژیانیان ڕوویان کردۆتە ڕێگایەکی ئەستەم و پڕ لە چەڵەمە بەناوی کۆڵبەری؛ کە ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی لە سەرەتای دامەزرانی ڕێژیمەوە کەشێکی ئەمنییان بەسەر کوردستاندا زاڵ کردووە و هیچ هەوڵ بۆ کارکردنی خەڵک و بەپیشەییکردنی شارەکانی کوردستان نەکراوە؛ لەو حاڵەشدا خەڵک تەنیا چارە بۆ مانەوەیان لە ڕێگای کۆڵبەریدا دەبینن. 

ساڵیانی ساڵە ڕێژیم بە کارکردن لەسەر کورد بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە ویستوویەتی کورد بەڕادەیەک لە بواری کەرامەتەوە بشکێنێت کە ئەوڕۆ خودی کورد کۆڵبەری پێ شانازی بێت!

ئەوە لەحاڵێکدایە کە کۆڵبردن لە بواری توانایی جەستەیی و ئەو شوێنەوارانەی کە لەسەر جەستەی مرۆڤ هەیەتی کارێک نییە کە شیاوی مرۆڤ بێت بەڵام لەبەر ئەوەیکە ژێرخانە ئابوورییەکان لە کوردستان زیاتر لە هەموو کاتی تر سست بوونە و هەروەها بەهۆی نەبوونی کەسانی سەرمایەدار و سەرمایەدانەر لە بیاڤی بەرهەمهێنان یا خوڵقاندنی کار، نەتەوەی کوردی بەڕادەیەک چەوساوەتەوە کە تەنانەت کەرامەت و جەستەی خۆی لەبەرچاو نەگرێت و ڕوو بکاتە ئەو دیاردە قێزەونە و ناوبانگ دەر بکا.

 یەکێک لە هۆکارەکانی کۆڵبەری تێکڕمانی ژێرخانە ئابوورییەکان و بەتاڵانبردنی سەرچاوە سرووشتییەکانە؛ ئەمەش هەموو نەتەوەکانی ئێران لەخۆ دەگرێ کە بەهۆی پڕۆسەی ئاسمیلاسیۆنێکەوە کە ڕێژیمی ناوەندگەرای ئێران ڕەچاوی کردووە هاتووەتە ئاراوە.

بەڵام کورد بەهۆی ئەوەیکە ناوچەکەی سنوورییە و لە وێژمانی نەتەوەییدا لەگەڵ وێژمانی کۆلۆنیالیستی داگیرکەر لێک جیاوازن بەردەوام لە خاڵی بەرامبەری سیستمی کۆلۆنیالیستی و وێژمانی پانئێرانیستی ڕاوەستاوە.

نەتەنیا لەکوردستان بەڵکوو کۆڵبەری لە بازاڕە گەورەکانی ئێرانیشدا پیشەیەکی ڕەشە بۆ گواستنەوەی ئەو کەلوپەلانەی کە کەرەستەی هاتوچۆ ناتوانێ بچێت . بەداخەوە ئەوە بۆ کورد بۆتە هێمایەک و لە میدیا و ڕاگەیەندراوەکانی ڕێژیمی داگیرکەردا کۆڵبەر نیسبەت دەدەن بە کورد تا کەرامەتی نەتەوەیی بشکێنن؛ پێشتر کوردیان وەک مەرزبانی غەیور دەناساند بەڵام لەو دواییانەدا و بۆ شکاندنی کەرامەتی نەتەوەیی و بۆ ئەوەی غروری نەتەوەیی بشکێنن و لەو فەخر و سەنگینییە کە هەیەتی بیهێننە دەرێ و بە هێندێک ئامراز لە شارەکانی کوردستان وەک گیرۆدەبوون بە مادە سڕکەرەکان و لەشفرۆشی دەستیان دایە شکاندنی غروری ئەو نەتەوەیە.

بە گشتی بەستنی سنوورێک بۆ دەوڵەتی خاوەن دەسەڵات کارێکی ئەستەم نییە بەڵام بەو هۆکارانە بۆخۆیان ڕەوایان داوە بەو پیشە ڕەشە و بە کوشتنی کۆڵبەران خەریکی زەقکردنەوەی ئەو کارەن و دەیهەوێ لە مێشکی خەڵک بئاخنن کە کۆڵبەری پێناسەیەکی گونجاوە بۆ کورد!

زۆربەی ناوچەکانی کوردستان شاخاوین و چیاکان چوار دەوریان تەنیوە هەر بۆیە کشتوکاڵ لە هەندێک ناوچەی وەک هەورامان گونجاو نییە و بەهۆی نەبوونی زەوی کشتوکاڵی خەڵک دەبێ ڕوو لە پیشەی دیکە بکەن . لە کورستان ڕێژەی سازکردنی کارگەکان و شوێنە پیشەییەکان زۆر کەمە و نەبوونی سەرمایەدانان بۆ خوڵقاندنی هەلی کارکردن، لاوان ناچار دەکات ڕێگایەکی تاقەتپڕوکێن هەڵبژێرن و پیشەی کۆڵبەری بگرنە بەر .

بە پێی ئاماری فەرمی دەزگاکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە 50٪ی ئەو کۆڵبەرانە بڕوانامەی لیسانس یان کارناسیان هەیە! ئەوە یانی لاوانی کورد دوای سەختی کێشانێکی زۆر و تەواوکردنی خوێندن کە ڕەنگە زۆریەک لەوان ئەو هەلەشیان نەبێ ناتوانن کارێک بەپێی خوێندنی ئاکادێمیان پەیدا بکەن مەگەر ئەوەیکە لە نێو سپا و بەسیجدا ناونووسی بکەن و ببنە جاش. ئەوەش یەکێکە لە سیاسەتە درێژخایەنەکانەکانی ڕێژیم بۆ لەنێوبردنی کولتوور و ئاسمیلاسیۆنەکەی بە گوشارهێنان بۆ لاوانی کورد.

لاوان کە داهاتویەکی کاری بۆخۆیان نابینن ڕوودەکەنە کۆڵبەری کە زۆرجار بەرەوڕووی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان و هەنگی سنووری دەبنەوە و بریندار دەبن یا گیان لە دەست دەدەن؛ هەروەها بەهۆی پاک نەکردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکانی کوردستان زۆرجار ئەوە کۆڵبەرانن کە دەبنە قوربانی ڕێگای نان .

بەپێی ئاماری ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی کوردپا لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا نزیکەی هەزار کۆڵبەر کوژراو و بریندار بوونە کە لە نێویاندا کەسانێکی خوار تەمەنی ١٨ ساڵانیش هەیە.

ئەو ئامارە نیشان دەدا کە زۆربەی خەڵکی کوردستان لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان لە ڕەوشێکی خراپی ئابووریدان و خەڵک گیانیان لەوڕێگایەدا دەدەن

لێرەدا خاڵی بەرچاو ئەوەیە کە وێڕای ئەو بەڵایە کە بەسەر نەتەوە و کەرامەتی کورد هاتووە و دوای کەڵکوەرگرتنی ڕێژیم وەک هێمایەک بۆ کورد ئەوە کوردە کە بەداخەوە لە هەندێ شوێندا شانازی بە کۆڵبەربوونی خۆیەوە دەکات .

سەرەڕای هەموو ئەوانە زۆرجار کۆڵبەران ڕووبەڕووی خەساری ماڵی دەبنەوە و ئەسپەکانیان لەلایەن هەنگی سنوورییەوە دەکوژرێت؛ کە ئەم مەسەلە زۆرجار خەساری ڕەوانی دیکەش بەدوای خۆیدا دەهێنێ. بۆ نموونە کۆڵبەرێکی ١٥ ساڵان خەڵکی ناوچەی پاوە دوای کوژرانی ئەسپەکانی لە لایەن ڕێژیمەوە هەوڵی خۆکوژی دا و بەداخەوە گیانی لە دەست دا .

ئەستەمبوونەوەی دۆخی ژیان زۆرجار ئەوان تووشی مادەی هۆشبەر دەکا و دەبێتە هۆی نەمانی هیوا بە ژیان. بەرپرسانی ڕێژیم لەمەڕ کێشەی کار و کۆڵبەران بەردەوام خەریکی وادە و بەڵێنی درۆ و چەواشەکارین ؛ بۆنموونە ڕەییسی کاتێک وەزیری دەزگای دادی ئێران بوو لە سەفەرێکی بۆ پارێزگای کرماشان وتی دەبێ ڕێگا بە کۆڵبەران بدرێ و خەڵک ژیانیان بەرەو خۆشی بچێت! بەڵام نەتەنیا ئەم وادە جێبەجی نەکرا بەڵکوو وەک دەبینین بەردەوام کۆڵبەران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندار دەبن و دەکوژرێن.

هۆکارگەلی تر کە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی کۆڵبەران سەرمابردوویی، کەوتن لە بەرزایی، ڕووداوی هاتوچۆ و مینە چێندراوەکانن .

بەکورتی و لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین لاوان لە جیلی نوێی کۆمەڵگان و دەبێ بایەخێکی زۆر بە پەروەردە و خۆشبژێویان بدرێ بەڵام وەک دەبینین ئێستا کەوتوونەتە داوی سیاسەتەکانی ڕێژیم بە دژی کوردستان و لە ژێر گوشاری سیاسی و دەروونی و ئابووریدا بەناچار ڕوویان کردۆتە کۆڵبەری و دوور دەبنەوە لە خولیا و خواستەکانیان و بە شێوەیەکی سیستماتیک لە سەرەتای ژیانیانەوە دەچەوسێنە و دەبنە قوربانی سیاسەتە دژەگەلییەکانی ڕێژیمی ئێران کە هیچ هەوڵی بۆ دابینکردنی کار بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە نەداوە و پشتگوێ خراون.

کۆڵبەری کە پیشەیەکی ڕەشە نابێ ببێتە هێمایەک بۆ نەتەوەی کورد چونکە ئەوە خواست و خولیای ڕێژیمە و لەو ڕێگایەوە لەهەوڵی شکاندنی غروری نەتەوەییدایە .

لە وەها هەلومەرجێکدا پێویستە نەتەوەی کورد وێڕای هەموو ئەو بەربەستانەی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی لە سەر ڕێگای داناوە وەخۆ بێتەوە و نەکەوێتە نێو داوی شەڕی ئابووری و کولتووری ڕێژیم .