کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوێکی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکەوتنێکی نێونەتەوەیی بەدەست هێنا

18:46 - 2 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی سەرکەوتنی لاوانی کورد و بەدەست هێنانی خەڵاتە نێونەتەوەییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، وەرزشوانێکی کورد خەڵاتێکی نێونەتەوەیی بەدەست هێنا.

وەرزشوانێکی مێرمنداڵی کورد، بە ناوی "محەمەد موبین عەزیمی" و دانیشتووی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بیست‌ویەکەمین خولی کێبڕکێی نێونەتەوەیی زۆرانبازیی مێرمنداڵان کە لە ژێر ناوی "جامی هێز" لە شاری تاران بەڕێوە چوو، لە کێشی ۸۵ کیلۆگرەمدا پلەی یەکەمی بەدەست هێنا و میداڵی زێڕی ئەو کێبڕکێیانەی وەرگرت.

کێبڕکێی زۆرانبازیی "جامی هێز"، لە دوو بەشی زۆرانبازیی فەرهەنگی و ئازاد، بە بەشداری چەندین وڵات بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵ لە کێشی ۳۸ کیلۆگرەم تاکوو کێشی ۸۵ کیلۆگرەم بەڕێوە چوو، محەمەد موبین عەزیمی وەکوو تاکە زۆرانبازی پارێزگای سنە لەو کێبڕکێیانەدا بەشداری کرد کە لە کۆتاییدا توانی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت.

سێ تیپی جیاواز بە نوێنەرایەتی وڵاتی ئێران لە ژێر ناوەکانی "ئێران ئەلفـ"، "ئێران بــ" و "ئێران ج" کە لە وەرزشوانانی زۆرانبازیی مێرمنداڵانی سەرانسەری ئێران پێک هاتبوون لەو کێبڕکێیانەدا بەشدارییان کرد، ئەو وەرزشوانە کوردە کە لە تیپی "ئێران ج"دا بەشدار بوو، بە سەرکەوتن بە سەر هەموو ڕکەبەرەکانی خۆی و تیپەکەیدا توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت و میداڵی زێڕی ئەو کێبڕکێیانە بە ناوی خۆیەوە تۆمار بکات.

بیست‌ویەکەمین دەورەی کێبڕکێی نێونەتەوەیی زۆرانبازیی مێرمنداڵان، ڕۆژی چوارشەممه ۳۰ی خەزەڵوەر ۱۳۹۷ی هەتاوی، بە بەشداری وڵاتانی ئەرمەنستان، گۆرجستان، ئازەربایجان و ئێران، لە شاری تاران پێتەختی ئێران دەستی پێکرد و ڕۆژی پێنجشەممە ۱ی سەرماوەز، کۆتایی پێهات.

شایانی باسە کە محەمەد موبین عەزیمی، چەندین ساڵە بەردەوام لە کێبڕکێیە نێوخۆییەکانی ئێران، ئاسیایی و نێونەتەوەییەکان بەشداری دەکات و سەرکەوتنی زۆربەی ئەو کێبڕکێیانە بە دەست دەهێنێت، جیا لە خەڵاتە نێوخۆییەکانی ئێران تاکوو ئێستا چەندین میداڵی ئاسیایی و نێونەتەوەییشی بەدەست هێناوە.