کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوێکی کوردی خەڵکی سنە لە کێبڕکێیەکانی کیک بۆکسی وڵاتی ئاڵمان سەرکەوتنی بەدەست هێنا

11:12 - 26 خەزەڵوەر 2721

"سینا وەیسی" تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"ی شاری سنە و ئەندامی حیزبی دێموکرات لە کێبڕکێیەکانی نێوخۆی وڵاتی ئاڵمان لە بەشی "کیک بۆکسـ"ـی ڕێکخراوی "ئیسکا" کەمەربەندی پاڵەوانیەتیی ئەو کیبڕکێیانەی بەدەست هێنا.

"وەیسی" دوو کێبڕکێی ئەنجام داوە و بە سەرکەوتن بەسەر وەرزشوانی ئاڵمانی و بەرابەربوون لەگەڵ وەرزشوانی ئۆکراینی توانی کەمەربەندی پاڵەوانیەتیی ئەو کێبڕکێیانە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

"وەیسی" پێشتر لەلایەن بنکەی بەسیجی ڕێژیم، پێشنیاری ئەندامبوون لە بەسیجی پێدرابوو بەڵام لەلایەن ناوبراو ئەو پێشنیارە ڕەت کرابووەوە و بەو هۆیەوە گوشارێکی زۆریان بۆ وەیسی و بنەماڵەکەی دەهێنا. بەهۆی گوشاری زۆر ناوبراو ناچار دەبێت زێدەکەی بەرەو وڵاتی ئاڵمان بەجێ بهێڵێت و ئێستا ماوەی چوار مانگە لە شاری "کۆڵنـ"ـی وڵاتی ئاڵمان ژیان دەکات.

ناوبراو پێشتر چەندین پاڵەوانیەتیی نێوخۆیی و جیهانیی بەدەست هێناوە و پاڵەوانیەتییەکانی بریتین لە: "پلەی یەکەمی کێبڕکێیەکانی نێوخۆی ئیران بەشی کۆنگفووـ کیک بۆکس، پلەی یەکەمی کێبڕکێیەکانی جیهانیی گورجستان و پلەی یەکەمی کێبڕکێیەکانی وڵاتی ئازەربایجان‌ـ باکوو".