کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوێکی ئەهوازی لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی ڕیژیمی ئێرانەوە کوژرا

21:01 - 20 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: لاوێکی عەرەبی ئەهواز بە ناوی عەلی جەلالی بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، بە هۆی هێرشی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ بازاڕی فەلافل فرۆشه‌كان و قاوەخانەکانی گەڕەکی لەشکرئاباد (حی النهضه) لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵان بە ناوی عەلی جەلالی لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە جینایه‌تکارەکانی ئینتزامی ڕێژیمی ئێران گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتوون، کەلانتەریی ٣٠ی شاری ئەهواز هێرشی کردوەتە سەر ئەو بازاڕە و دوای تەقه‌ی ڕاستەوخۆ لە هاووڵاتییانی عەرەب، عەلی جەلالی کوژراوە و خەڵکیش بە هۆی ناڕەزایەتیی دژ بەو کارەی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەلانتەرییە.

هاووڵاتییەک لەو بارەیەوە ڕایگەیاند لاوانی عەرەبی ئەهواز بە هۆی نەبوونی کار و بەرزبوونەوەی نرخی بێکاری لەو پارێزگایەدا سەرقاڵی کار لە ڕێستۆران و قاوەخانەکانن تا بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن بەڵام ئەو کارەی هاووڵاتییانی عەرەب، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی وەزاڵە هێناوە و دژ بە خەڵک هەڵسوکەت دەکەن.

ڕێژیمی ئێران دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی، بەردەوام بەشێوەیەکی بەرین زەخت و گوشار دەخاتە سەر هاووڵاتیانی عەرەب و لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوییەوە هەوڵی داوە کە پێکهاتەی دانیشتوانی ناوچە عەرەب‌نشینەکان‌ بگۆڕێت و ئەوەش ناڕەزایەتی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی لێکەوتووەتەوە.