کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لایەنگرانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر مەیدانی تەحریردا گرت

12:15 - 15 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لایەنگرانی حەشدی شەعبی بە هێرش کردنە سەر "مەیدانی تەحریر"ی بەغدا، خۆپیشاندەرانی عێراقییان لەو مەیدانە دەرکرد و عێراقییەکان بەهۆی نزیک بوونی حەشدی شەعبی لە ئێران، نیگەرانن کە نەتوانن بەرانبەر بە دەستێوەردانەکانی ئێران ناڕەزایەتی دەرببڕن.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی سەرماوەز، "مەیدانی تەحریر"ی بەغدا کە تاکوو ئەو کات لەدەستی خۆپیشاندەرانی عێراقیدا بوو، پاش هێرشی لایەنگرانی "حەشدی شەعبی"، لە چەند شوێنی جیاوازەوە ئەو مەیدانە کە سیمبۆلی شۆڕش دژ بە دەوڵەتی عێراق بوو، ئیستا لەدەست ئەو میلیشیا چەکدارە شیعەیەدایە.

لایەنگرانی حەشدی شەعبی بە هەڵدانی ئاڵای عێراق و حەشدی شەعبی و هەڵگرتنی وێنەی "عەلی سیستانی"، مەرجەعی شیعەکانی عێراق، هاتوونەتە نێو مەیدانی تەحریرەوە، لە حاڵێکدا کە سیستانی پشتیوانیی لە خۆپیشاندەرانی عێراقی کردووە.

خۆپیشاندەرانی عێراقی ترسی ئەوەیان کەوتووەتە دڵەوە کە ڕەنگە بەهۆی نزیکایەتیی حەشدی شەعبی و سپای تێرۆریستی پاسداران لە یەکتر، ئیتر نەتوانن وەک جاران بەرانبەر بە دەستێوەردانەکانی ئێران ناڕەزایەتی دەرببڕن.

بەپێی ئامارە بڵاو کراوەکان لەلایەن میدیاکانەوە، تا ئێستا لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی عێراقدا، ٤٨٠ کەس کوژراون و ١٩ هەزار کەس بریندار بوونە و هێزەکانی تەناهی و نیزامیی عیراق بە شیوازێکی دڕندانە بەرەوڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە.

لە حاڵێکدا کە خۆپیشاندەرانی عێراقی بەشێک لە ناڕەزایەتییەکانیان دژ بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێرانە، ئەو ڕیژیمە لە ڕێگای میلیشیا چەکدارەکانی لەو وڵاتەدا هەوڵی بەلاڕێدابردن و کەڵکاژۆ وەرگرتن لە خۆپیشاندانەکان لە عێراقدا دەدەن.