کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لایەنگرانی "موقتەدا سەدر" دووبارە هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەرانی عێراقی

11:48 - 17 رێبەندان 2719

پاش خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق و هاتنە سەر شەقامیان لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ، بۆ جارێکی دیکە خۆپیشاندەران لەلایەن لایەنگرانی موقتەدا سەدرەوە هێرشیان کرایە سەر.

پاش هەڵبژاردنی "محەممەد عەلاوی"، وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و هاتنە سەر شەقامی خۆپیشاندەرانی عێراقی لە وڵامی بانگەوازی زانکۆکانی بەغدا، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە کوشتنی خۆپیشاندەران لە ڕۆژی دووشەممەدا، جارێکی دیکە لایەنگرانی "موقتەدا سەدر"، هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و ئەم جارەش ٧ کەس کوژران.

لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی ڕێبەندان، لە نێوان لایەنگرانی "موقتەدا سەدر" و خۆپیشاندەرانی عێراقی لە "نەجەف"، لایەنگرانی "موقتەدا سەدر" بە چەکی قورس و نیوە قورسەوە هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران.

هەروەها هەواڵدەریی "فرانس پرێس" ڕایگەیاندووە، دەیان کەس بریندارن کە سەر و سینگیان کراوەتە ئامانجی تەقەکان.