کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لایەنە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم هەڕەشەی "تۆڵە" دەکەنەوە

11:13 - 23 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران له سپای تێرۆریستی پاسداران وتوویەتی، ئێمە هێشتا تۆڵەی "قاسم سلێمانیـ"ـمان نەکردووەتەوە.

"عەلی شیرازی"، نوێنەری ڕێبەری ڕێژیمی ئێران له سپای تێرۆریستی قودس، لە کاناڵی "مەسیرە" سەر بە حوسییەکانی یەمەن وتوویەتی، هێرشە مووشەکییەکەی ئێمە بۆ سەر پایەگاکانی ئامریکا لە وڵاتی عێرا‌ق، سەرەتاییترین نیشانەکانی تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی قاسم سلێمانی بووە.

هەروەها وتوویەتی، ئێمە تۆڵەی قاسم سلێمانی و هاوڕێکانمان نەسەندووەتەوە و پێویست ناکات ئێمە بە تەنیایی تۆڵە بکەینەوە، چونکە "مێحوەری بەرگریـ"ـش بە نۆرەی خۆی، بەتەواوی هێز و توانای خۆیەوە ئەو تۆڵەیە دەکاتەوە.

ئەو هەڕەشانەی دەستوپێوەندییەکانی خامنەیی لە کاتێکدایە کە تێرۆریست "قاسم سلێمانی" وێڕای چەند کەسی دیکە لە دەستوپێوەندییەکانی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کرانە ئامانجی فڕۆکەکانی ئامریکا و کوژران.

گرووپ و لایەنگرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەسەر ئەوە پێداگری دەکەن کە تۆڵەی توند لە ئامریکا دەکەنەوە.