کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لایەنە كوردییەكان هەركام لایەنگر و دۆستی تایبەت بە خۆیان لە كوردستانی ئێراندا هەیە

01:35 - 17 رەشەمه 2711

تەیموور مستەفایی: لایەنە كوردییەكان هەركام لایەنگر و دۆستی تایبەت بە خۆیان لە كوردستانی ئێراندا هەیە

بابەتی وتووێژ: تەحریمی هەڵبژاردن
چوارچێوەی بابەت: تەحریمی چالاك

وتووێژی ماڵپەڕی كوردستان میدیا لەگەڵ تەیموور مستەفایی،
ئەندامیدەفتەریسیاسییو بەرپرسی كومسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.

هاوكات لەگەڵ حیزب و لایەنەكانی دیكەی ئێرانی و كوردستانی، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیش خولی نۆیەمی هەڵبژاردنەكانی مجلیسی ئێرانی تەحریم كردووە.

بەڵام لەم دەورە لە هەڵبژاردنەكانو تەحریم، هەندێلایەن و هەروەها حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، باس لە تەحریمی چالاك دەكەن.

ك/میدیا: مەبەست لە تەحریمی چالاك چییە؟
ت. مستەفایی: مەبەست لە تەحریمی چالاك تەنیا نەچوون بۆ سەر سەندووقەكانی دەنگدان نییە، بەڵكوو هاوكات لەگەڵ نەچوون بۆ سەر سەندووقەكانی دەنگدان گرتنەبەری كۆمەڵە رێكارێكە بە مەبەستی كەمترین بەشداری خەڵك لە خولی نۆیەمی شانۆسازیی بەناو هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لەلایەك و لەلایەكی دیكەوە خستنەبەر چاوی ئەو راستییە كە ئەو رێژیمە هیچ چەشنە رەواییەكی لەنێو كۆمەڵانی خەڵكدا نەماوە، كە بەخۆشییەوە ئێستا كەم كەس هەیە بەم واقعیەتە نەزانێ و ئەو ژمارە كەمە لە خەڵكیش ئەگەر رۆژگارێك جا بەهۆی لەبەرچاو گرتنی قازانجی شەخسی بێت،یان هەر هۆیەكی دیكە، ژمارەیان رۆژبە رۆژ روو لە كەمی دەدات.
ژمارەیەك لەو رێكارانە كەلە پێوەندی لەگەڵ تەحریمی چالاكدا دەكرێكاریان لەسەر بكرێت، بریتین لە:

ــ دروشم نووسین، دیوار نووسی، بڵاو كردنەوەی پووستێر، ناردنی SMS بۆ خەڵك و بەگشتی رەوشەنگەری لە پێوەندی لەگەڵ شانۆی هەڵبژاردنداو روونكردنەوەی ئەو راستییانە كە ئەو هەڵبژاردنە لە بەرژەوەندیی خەڵكی ئێران بەگشتی و بەتایبەتی خەڵكی كوردستاندا نییە.

ــ ئەو كەسانە كە هەتا ئێستا پەیوەست بە سەفی تەحریم نەبوون داوایان لێبكرێئەوانیش بە تەحریمی هەڵبژاردن پەیوەست بن.

ــ داوای كشانەوە لە كاندیداتۆرەكان بكرێ، باس لە كار لێنەهاتوویی ئەو كەسانە كەلە خولەكانی پێشوودا بەناو نوێنەر بوون و باس لە كار لێنەهاتوویی هەر تاكێك كە لەم جۆرە سیستمانەدا هەڵدەبژێردرێت.

ــ باس كردن لە زیندانیانی سیاسی و پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ

ــ باس لەسەر فەسادی بەرپرسانی رێژیم و ...هتد بەگشتی بۆ خەڵك روون بكرێتەوە.

ك/میدیا: بێگومان یەكێك لە ئامرازەكانی گرینگیی حیزبی دێموكرات لە ئاراستەی عەمەڵی كردنی تەحریمی چالاك كەڵك وەرگرتنە لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبە لە كوردستان و ئێران. ئاخۆ كۆمسیۆنی تەشكیلات لە رەوتی عەمەڵی كردنی گەڵاڵەی تەحریمی چالاك لەم رێكارە كەڵك وەردەگرێت و لە چوارچێوەی كەڵك وەرگرتن لەو رێكارەدا، هەتا ئێستا چ هەنگاوێكتان لەو پێوەندییەدا هەڵهێناوە؟

ت. مستەفایی: لە پێوەندی لەگەڵ كردەیی كردنی تەحریمی چالاكدا كومسیۆنی تەشكیلات بە وەرگرتنی زانیاری لەسەر هەڵبژاردن و كەسانی كاندیداتۆر، بڵاوكردنەوەی راگەیاندراوی هاوبەشی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانو كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، لە پێوەندی لەگەڵ تەحریمی هەڵبژاردندا و ئامادەكردنی تراكت، پووستێر و رێنوێنی دان بە ئەندامانی تەشكیلاتی لەمەڕ چۆنیەتیی كاركردنیان لەو پێوەندییەدا تێكۆشاوین و بێگومان لە ماوەی داهاتووشدا رێنوێنی كردنی ئەندامانی حیزبی و لە رێگای ئەوانەوە زانیاری دانی تایبەت بەو هەڵبژاردنە و پووچەڵ كردنەوەی پیلانەكانی رێژیم لەلایەن خەڵكەوە، بەشێك لە كاری ئەم كۆمسیۆنە دەبێت.

ك/میدیا: بێجگەلە كوردستان، چالاكیی لایەنە كوردییەكانی ئوپۆزیسیۆنی رێژیمی ئێران بەتایبەتی حێزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، هەتا چ رادەیەك دەتوانێكاریگەریی لەسەر گەڵاڵەی تەحریمی چالاك لە ناوچەكانی دیكەی ئێراندا هەبێت؟

ت. مستەفایی: لایەنە كوردییەكان هەركام لایەنگر و دۆستی تایبەت بە خۆیان لە كوردستانی ئێراندا هەیە جا كەم بێ، یان زۆر، بێگومان چالاك بوونیانو بەتایبەتی ئەگەر بەشێوەی هەماهەنگ بێ، دەتوانێكاریگەریەكی زۆرتری لەسەر كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەتایبەت و كۆمەڵگای ئێرانیشدا هەبێ، گرینگ ئەوەیە ئەم تێكۆشانە تەنیا بواری راگەیاندنی نەبێ،بەڵكوو بواری پراكتیكی بەخۆیەوە بگرێ. بەشداریی حیزبی دێموكرات لەو گۆڕەپانەدا بێگومان شوێندانەریی زۆری دەبێلەبەر ئەوەی ئەم حیزبە خاوەن ژمارەیەكی زۆر ئەندام و لایەنگرە و بەتایبەتیش سیاسەتەكانی لە پێوەندی لەگەڵ خولەكانی پێشووی هەڵبژاردندا دروست دەرچوون هەر بۆیە خەڵك متمانەیەكی زیاتری بە سیاسەتو بۆچوونەكانی هەیە.

ك/میدیا: بە رای شەخسی جەنابتان هەنگاو نان لەو رێگایە وەك عەمەڵی كردنی تەحریمی چالاكی هەڵبژاردن، هەتا چ رادەیەك لە نزیك بوونەوە لە ئامانجی كۆتایی و بەدەستهێنانی مافی ستەم لێكراوی گەلانی ئێران و بەتایبەتی نەتەوەی كورد كاریگەریی دەبێت؟

ت. مستەفایی: دیارە سەركەوتن لە تەحریمی شانۆی هەڵبژاردن ئەگەر بە شێوەی چالاك بێ، دەتوانێزەمینە خۆشكەر بێبۆ زۆر كردەوەی دیكە كە دەتوانێ كاریگەریی تایبەتی هەبێت، چون لەسەر ئەو بـڕوایەم ئەم رێژیمە لەماوەی 33ساڵی رابردوودا بە رادەی ئەم یەك ساڵەی رابردوو لەرزۆك نەبووە. ئێستا رێژیم تووشی كۆمەڵێك قەیران هاتووە كە تێپەڕینی لەم قەیرانانە ئەگەر نەڵێم كارێكی مەحاڵە، بە هاسانی دەتوانم بڵێم كارێكی زۆر دژوارە و هەر حەرەكەتێكی جەماوەری دەتوانێلەو پەیوەندییەدا شوێندانەر بێو چالاك عەمەڵ كردن لەم ماوەیەدا دەتوانێكاریگەرییەكی تایبەتی هەبێ، بۆیە نزیك بوونەوەمان بە ئامانج و كۆتایی هێنان بە ستەمو سەرەڕۆیی رێژیمی ئیسلامی بەستراوەتەوە بە چالاك بوونی گەلانی ئێران لە هەموو بوارەكانداو بێگومان فاكتۆری نێونەتەوەییش دەوری خۆی لەم پێوەندییەدا دەگێڕێ.