کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی بەلووچستان لەسەر مادە هۆشبەرەکان ئاگادارییان بە ڕێژیم داوە

11:10 - 11 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: لایەن و ڕێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکانی بەلووچستانی ئێران، سەبارەت بە تووشکردنی لاوانی بەلووچ بە مادە هۆشبەرەکان، لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە لە بەلووچستان، ئاگادارییان بە ڕێژیم داوە.

حیزب و ڕێکخراو و سەرجەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی بەلووچستانی ئێران، لە هەمبەر تووشکردنی لاوانی بەلووچ بە مادە هۆشبەرەکان، لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، بەتایبەت لە قوتابخانە، خوێندنگە و خەوتنگەی زانکۆوەکان، لە چەند ڕاگەیەندراو و ڕاپۆرتی جیاوازدا ئاگادارییان بە ناوەندە حکوومەتییەکان بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و بارهێنان داوە.

ڕێکخراوی ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی بەلووچستان (sahab)، کە ڕێکخراوەیەکە بۆ ڕێکخستنی یەکدەستیی ناڕەزایەتیی چینە جیاوازەکانی بەلووچستان، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی خەباتی مەەدەنیی خەڵکی بەلووچستان و دەربازبوونیان لە چنگی ڕێژیمدا، لە ماڵپەڕی خۆیدا ڕاپۆرتێکی لەسەر کورتە ڤیدئۆیەک بڵاو کردووەتەوە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە و تێیدا لاوانی بەلووچ لە پۆلەکانی خوێندنگە و قوتابخاناکاندا فێری بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان دەبن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ئەو کورتە ڤیدئۆیە کە باس لە کارەساتی تووشکردن و دەستپێڕاگەیشتنی ئاسان بە مادە هۆشبەرەکان لە قوتابخانە و خوێندنگەکان دەکات، ئاکامی چەندین دەیە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و بارهێنانی بەلووچستان لە لایەن کەسانی ناخۆجێیی و پێڕانەگەیشتنی بەڕێوەبەرەکانە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە جێی پەرەوەردەکردن و بارهێنانی قوتابی و خوێندکاران لە پۆلەکانی خوێندن، ڕوو لە مادە هۆشبەرەکان بکەن.

ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە، بە هۆکاری ئەوەی کە لاوانی بەلووچ زیاتر نەکەونە داوی پیلانە قێزەونەکانی ڕێژیم ئیسلامیی ئێرانەوە، خوازیاری حکوومەتێکی ناناوەندگەراییە.