کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لقێکی گوڵ بوو بە میوانی لیفت ئاف

17:37 - 3 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: فیلمی سینەماکارێکی ئیلامی، بەشداریی لە فێستیڤاڵی لیفت ئافی بریتانیا کرد.

فیلمی "لقێکی گوڵ"، لە دەرهێنانی "تالب ڕەماوەندی"، دەرهێنەری کوردی ئیلامی، بەشداریی لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ۲۰۱٩ی "لیفت ئاف"، لە وڵاتی بریتانیا کرد.

فیلمی "لقێکی گوڵ"، بەسەرهاتی کچێکی ٨ ساڵانە، کە دەیەوێت بۆ ڕۆژی مامۆستا لقە گوڵێک، کە دیاریی باوکی کۆچکردووی بۆ دایکی بووە، لەگەڵ وێنەیەکی باوکی، بە دیاری بیداتە مامۆستاکەی.

ئەو فیلمە بەرهەمی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییە و کۆمپانیای "موورچە"، ئەرکی بڵاوکردنەوەی جیهانیی ئەو بەرهەمەی بەئەستۆ گرتووە.

فیلمەکانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ۲۰۱۹ی "لیفت ئاف"، هاوکات لە شاری لەندەن و ١٢ شاری دیکەی جیهان، لەوانە: شارەکانی سیدنی، مەنچێستێر، مێلبۆرن، ئامستێردام، بێرلین، تۆرێنتۆ، تۆکیۆ، پاریس و نیۆیۆریکیش پیشان دەدرێت.

هەروەها، لە پۆستێری ئەو فێستیڤاڵەدا، وێنەیەک لە فیلمی "لقێکی گوڵ" (کچێکی گڵێم بەدەست) دەبیندرێت کە نیشانەی ڕێزگرتن و بەرزنرخاندنی بەرهەمەکەی ڕەماوەندییە.

هەرلەو پێوەندییەدا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، فیلمێکی کوردی بە ناوی "یاسای شێتەکان"، بە دەرهێنەریی "هاوکار مستەفا" لە فێستیڤاڵی فیلمی Ficocc کە لە شاری "بارسێلۆنا"ی وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوە چوو، لە خولی ٢٥ـەمی ئەو فێستیڤاڵەدا بوو بە خاوەنی دوو خەڵات.