کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

له‌دایكبوونی دوكتور سه‌عید

17:59 - 23 بەفرانبار 2720

پێشمەرگەی شار

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و ڕاست ٨٣ ساڵ بەر لە ئێستا کاک سادقی شەرەفکەندی لە ئاوایی تەرەغەی بۆکان چاوی بە دنیا هەڵێنا. کۆرپەلەی تازە لەدایکبوو هەرچەن لەنازی دایک و باوک بێبەری بوو بەڵام بە ڕادەیێک باوەڕبەخۆ و پشتبەستوو بە ئیرادەی خۆی بوو کە هیچ کەند و کۆسپێک و تەنانەت ئاوارەبوونی برای گەورەشی کە لە جیاتی دایک و باوکی بوو، نەیانتوانی هەنگاوی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پێ شل بکەن.

پاش ئەوەی لە وڵاتی فەڕانسە ڕێبەری نەتەوەیی گەلی کوردی بینی و بەڵێنی گیان فیدایی لەڕێگەی ئامانجە بەرزەکانی مرۆڤ و نەتەوەی ئاخ داگیرکراوی پێدا تا دوایین دڵۆپی خوێن لەسەر بەڵێنی خۆی سوور بوو و  کاتێک پاش قاسملووی مامۆستای و مامۆستامان جڵەوی خەباتی وەئەستۆ گرت جیاواز لە هەموو سەرکردەکانی دیکەی تا ئەو کاتی نەتەوەکەمان ئیزنی نەدا بۆ چرکەیەک خەبات ڕاوەستێ و دۆستانی زۆر زیاتر لە جاران هیوادار بە گەیشتن بە ئامانجەکان کرد و دوژمنانی زەبوونتر لە پێشوو کرد.

 ڕێبەرمان کاک سەعید وەک خۆی دەفەرمێ تەواوی وانەکانی ڕێبەری مەزنی لە یەک وانەدا کورت کردبوەوە، ئەویش بڕوابەخۆبوونە و دوکتور شەرەفکەندی لە کاتێکدا کە لە دوندی بەرزترین چیای شۆڕشگێڕی و فیداکاریدا بوو لە هەمان کاتدا بڕوای بەخۆی و نەتەوەی و حیزبەکەی بوو هەر بۆیە لە ئاست کێشە و گرفتە ناوچەیی و جیهانییەکاندا دەستەوەستان نەبوو لەوپەڕی شۆڕەسواریدا هەوڵی دەستەمۆکردنی کێشە و گرفتە ناوچەیی و جیهانییەکانی دەکرد لە ئاست بزووتنەوەی کورددا.

 ٢١ی بەفرانباری ئەمساڵ لەکاتێکدا پیرۆز دەکەین و لە دەوری شەمی هەمیشە دایساوی تەمەنی ڕێبەرمان دا کۆدەبینەوە کە ئەقڵی بەکەرەسەبووی هێندێ ڕووناکبیر خەریکن هەوڵی ئەوە ئەدەن پێمان بسەلمێنن کە ئیرادەی ئێمە لەهەڤبەر دەسەڵاتی داگیرکەردا هیچی پێ ناکرێت، بەڵام ڕاسان و یاد و هزری کاک سەعید پێمان دەڵێن نەتەوەی ژێردەست و ئاخ داگیرکراو کاتێک کردار و هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەکان و خۆنەویستی و گەل دۆستی دوکتور شەرەفکەندی بکاتە سەرباشقەی هزر و کرداری ئەوکات سەرکەوتنی لەهەر دۆخێکدا مسۆگەرە.

 ئێمە وەک پێشمەرگەکانی شار لەساڵڕۆژی لەدایک بوونی کاک سەعیدی هەمیشە ڕێبەردا جارێکی دیکە پەیمان لەگەڵ هزر و بیروباوەڕی ئەو ڕێبەرە خۆشەویستە نوێ دەکەینەوە و تا دوا دڵۆپ پشتیوانی ڕاسان و بڕیارە شۆڕشگێڕانەکانی حیزبەکەمانین  و هیوادارین هزر و کرداری ئەو ڕێبەرە بلیمەتە زیاتر و زیاتر  سەرباشقەی کردار و هزری حیزب و گەلەکەمان بێ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.