کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لوبنان بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕوات

12:31 - 21 گەلاوێژ 2720

لە دوای تەقینەوەی بەهێزی لوبنان دۆخی ئەو وڵاتە پێی نایە قۆناغێکی نوێی مێژوو و لە بواری سیاسییەوە شڵەژا و ئێستا لوبنان بەرەو هەڵوەشانەوەی سیاسی دەچێت.

"حەسان دیاب" سەرۆکوەزیرانی لوبنان دەستی لەکار کێشایەوە و ڕایگەیاندووە، گەندەڵکاران لە دەوڵەت گەورەترن و ناوبراو بەهۆی تەقینەوەكەی بەندەری بەیرووت، دەستی لەكار كێشاوه‌ته‌وە.

"دیاب" لە کاتی دەست لەکار کێشانەوەی خۆی ڕایگەیاندووە، لە تەنیشت هەموو ئەو کەسانە دەبێت کە داوای ئەوە دەکەن بکەرانی ئەو جینایەتە سزا بدرێن.

ناوبراو وتوویەتی، گەندەڵی لە سیستمی دەسەڵاتی لوبناندا بوومەلەرزەیەکە لەسەر پەیکەرەی ئەو وڵاتە.

پێشتر وەزیرەکانی ئابووری، وەزیری داد، وەزیری ڕاگەیاندن و وەزیری ژینگه بەهۆی تەقینەوەكەی کەناراوی بەیرووت دەستیان لەكار كێشابووەوە.

لە دوای ئەو تەقینەوەیە خۆپیشاندانەکان لە بەیرووت دەستی پێکرد و خۆپیشاندەرانی لوبنان داوای لەسەرکارنەمانی بەرپرسانیان لە دەسەڵات و گۆڕانکاریی بنەڕەتی دەکەن.

خۆپیشاندەران، ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا لە لوبنان بە هۆکاری سەرەکیی بشێوی و تێکدانی سەقامگیری لەو وڵاتە دەزانن.

تەقینەوەی بەهێزی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژ لە شاری بەیرووتی پێتەختی وڵاتی لوبنان، زیاتر لە  ١٠٠ کوژراو و هەزاران برینداری لێکەوتووەتەوە.

سیستمی سیاسیی لوبنان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی "تایفی" دانراوە کە ناوە فەرمییەکەی ڕێککەوتنی ئاشتەوایی نیشتمانییە و وەک بناغەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوخۆیی ١٥ ساڵەی لوبنان دانرا.

لەو سیستمەدا هەموو پێکهاتە سەرەکییەکانی لوبنان پشکیان لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە سیاسی، کارگێڕی و یاساییەکانی لوبناندا هەیە.