کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لوبنانییەک لە دادگای ئامریکادا دانی بە تاوانەکانیدا نا

14:09 - 31 بانەمەڕ 2720

کەسێکی خەڵکی لوبنان لە دادگای ئامریکادا دانی بەوەدا ناوە کە کەرەستەی پێویستی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان ناردووە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕ، "ئوسامە حێمادە"، لوبنانییەکی دانیشتووی ئامریکا، لە بەردەم دەزگای دادوەریی ئامریکادا دانی بەوەدا ناوە کە ساڵگەلێکی زۆر خەریکی قاچاخکردنی "پارچەگەلی یەدەکیـ"ـی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ حیزبوڵڵای لوبنان بووە.

"ئوسامە حێمادە"، ئەو دانپێدانانەی سەبارەت بە ناردنی پارچەگەلی یەدەکی و تکنۆلۆژیی دروستکردنی فڕۆکەی بیفڕۆکەوانی "درۆنز"، لە ئامریکاوە بۆ میلیشیا چەکدارەکانی حیزبوڵڵای لوبنان سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە بەردەم دادگای فیدێراڵی ویلایەتی "مێنێسووتا" ئەنجام داوە.

ئەو دانپێدانانە بە دوای دانپێدانانی "عێسام حێمادە"، برای "ئوسامە" بووە کە لە مانگی مارسی ڕابردوو لە هەمان دادگادا ئەنجام دراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە بە وتەی نوێنەرانی دادستانیی ئەو ویلایەتە، ئەو دوو برایە لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٣ دەستیان گەیشتووە بە تکنۆلۆژیی پێشکەوتووی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەوڵیان داوە بۆ هەناردەکردنی نایاسایی ئەو تیکنۆلۆژییە بۆ حیزبوڵڵای لوبنان کە لە ڕوانگەی ئامریکاوە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دێتە ئەژمار.

ئەو دوو برایە لە مانگی فێڤرییەی ساڵی ٢٠١٨دا لە باشووری ئافریقا دەسبەسەر کراون و لە پاییزی ڕابردوودا ڕادەستی ئامریکا کراونەتەوە.