کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لوقمان مێهفەر: ڕێژیمی ئێران بەرامبەر بە نەتەوەی کورد دیدێکی فاشیستیی هەیە

12:27 - 6 سەرماوەز 2719

وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی

پاش ئەوەی کە نرخی بێنزین لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە گران کرا، خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دژی ڕێژیمی ئێران دەربڕی، بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی دڕندانە دەستیان بە کوشتن و بڕین و دەسبەسەرکردنی خەڵکی ناڕازیی ئێران و بەتایبەت کوردستان کرد.

هاوکات زۆرێک لە حیزب و لایەنە سیاسییەکان پشتگیرییان لەم حەرەکەتەی خەڵک کرد.

هەروەها لەگەڵ خۆپیشاندانە بەربڵاوەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، چەندین وڵات و دامەزراوەی مافی مرۆیی لەهەمبەر کوشتنی خەڵکی ناڕازی لەلایەن ڕێژیمەوە نیگەرانیی خۆیان دەربڕی و ئەم هەڵسوکەوتە دڕندانەی ڕێژیمیان مەحکووم کرد.

لەم پەیوەندییەدا لەگەڵ بەڕێز ''لوقمان مێهفەر''، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتووێژێکمان پێک هێناوە کە سەرنجتان بۆ خۆێندنەوەی ڕادەکێشین:

١- تایبەتمەندیی خرۆشانی ئەم دواییانەی خەڵکی کوردستان و ئێران چی بوو؟

بەر لە هەر شت دەبێ ئەوە بڵێین کە لە سیستمێکی دیکتاتۆر و داخراوی وەک "کۆماری ئیسلامیی ئێران" هەمیشە چاوەڕوان دەکرێت کە خەڵک لە گونجاوترین دەرفەت کەڵک وەربگرن تا گلەیی و ناڕەزایەتییەکانی خۆیان بە شێوەی کۆ و گرووپی دەرببڕن، چونکە هەر ناڕەزایەتییەک بەشێوەی تاکەکەسی بە توندترین شێوە بەرپەرچ دەدرێتەوە و بەزوویی لەنێو دەبردرێت جا چ زیندانیکردنی ئەو کەسە بێت یان لەسێدارەدانی. بۆیە ئاکامی چل ساڵ سیاسەتی چەوت و سیستمە تۆتالیتێرەکەی بریتی بووە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و کەڵکوەرگرتنی خراپ لە موڵکی گشتی و بەتاڵانبردنی دارایی وڵات بۆ مەبەستی سیاسی و برەودان بە ئیدئۆلۆژیی "ویلایەتی فەقیهـ" و ناردنەدەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی. لەلایەکی دیکەوە بەهۆی گوشاری نێودەوڵەتی و گەمارۆکانی دەوڵەتی ئامریکا بۆ سەر بنکە ئابووری- سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ڕێژیمی ئێران، کارتێکەری نێگەتیڤی لەسەر ئابووریی ئێران داناوە و ڕێژیم ناچار بووە کە بۆ قەرەبووکردنەوە یان کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو زیانانە زەختی زیاتر بخاتە سەر خەڵکی خۆی، ئەویش لە ڕێگەی زیادکردنی باج و گرانکردنی نرخی کەلوپەلی هاوردەکراو و بەرهەمە نیشتمانییەکان. وەک دیتمان هۆکاری سەرەکیی ئەو خۆپیشاندانانە لە گرانبوونی نرخی بێنزین (سووتەمەنی) بوو، کەچی لە ڕاستیدا تەقینەوەی دەنگی پەنگخواردووی تێکڕای گەلانی ئێران بوو دژ بە بارودۆخی هەنووکەیی ئێران کە سەرەڕای نەبوونی ئازادی و مافی ڕادەربڕین، گرانی و خراپیی ئابووریی وڵاتیشی هاتە سەر. بۆیە دەکرێت بڵێین کە تایبەتمەندییەکی ئەو ناڕەزایەتییە گشتگیرەی گەلانی ئێران شەپۆلێکی پێچەوانەی دەرەنجامی ئەو زەخت و ئابلۆقە ئابوورییانەی سەر ڕێژیمی ئێران بوو کە بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا لەو چەشنە ناڕەزایەتییانە زیاتر دەبن، ئەگەر ڕێژیمی ئێران لەسەر سیاسەتی ئێستای خۆی بەردەوام بێت.

٢- کوشتاری ناڕازییان لە کوردستان و ئێران، چ لێکەوتەیەکی بۆ ڕێژیم دەبێت؟

کوشتار و هەڵسوکەوتی بێ بەزەییانەی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بەگشتی و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی کردارێکی جینایەتکارانەیە و لە هەبوونی یاسا و دادپەروەریدا دەبوو دەوڵەت بە توندترین شێوە سزای بکەران و بڕیاردەرانی سەرکوتی ئەو ناڕەزایەتییانەی دابا. بەڵام لە ڕێژیمی ئێراندا کە هێزە چەکدارەکانی  وڵات لە جیاتی لەخزمەت پاراستن و دابینکردنی ئەمنییەت و ئاسایشی هاووڵاتییاندا بن، تەواو بەپێچەوانەوە لە دژی هاووڵاتییانی خۆی بەکاریان دێنێت و خەڵتانی خوێنیان دەکات، ئالێرەدایە کە گەلانی ئێران و هاونیشتمانییانی کورد ئەم کردەوە قێزەونەیان لەبیر ناچێتەوە و بێگۆمان زوو یان دەرنگ دەستی دادپەوەری و دادگای گەل گەرووی پیسیان ڕێک دەکوشێت.

٣- ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چۆن دەڕوانێتە کوردستان کە زیاترین توندوتیژی و سەرکوتی تێدا بەکارهێناوە؟

سیاسەتی ئستراتیژی و ئیدئۆلۆژیکی ئەو ڕیژیمە سەبارت بە کوردستان جیاوازە. ئەو حکوومەتە بە‌چاوی  "خۆیی" و "غەیری خۆیی" سەیری‌ نەتەوەی کورد ‌و خەڵکی کوردستان دەکات. بەو پێیەی کە دیدێکی فاشیستی هەیە بەرامبەر بە نەتەوەی کورد، بۆیە هەمیشە بوونی نەتەوەی کورد بە هەڕەشە بۆسەر بەرژەوەندی و فەرمانڕەوایی خۆی دەزانێت. بە کردەوەش لە هەموو بوارە جیاجیاکاندا دەیانچەوسێنێتەوە و هەوڵی قەڵاچۆکردن و تواندنەوەی کوردەکانی داوە. بۆ نموونە لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا بێجگە ‌لە ‌نەتەوەی باڵادەست، ماف و ئازادییە سەرەکییەکانی گەلانی دیکەی ئێران دەستەبەر نەکراوە، بەڵکوو لە ڕێگای داڕشتنەوەی یاسای بنەڕەتیی وڵات، مافی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان زەوت و پێشێل کراوە کە یەکێک لەو نەتەوانە ‌نەتەوەی کوردە. لە چل ساڵی دەسەڵاتدارێتیی ئەو ڕێژیمەدا، کوردەکان زۆرترین زوڵم و چەوساندنەوەیان بەرامبەر کراوە و ئێستاش هەر بەردەوامە. بۆ نموونە  لە ۳۱ پارێزگای ئێراندا لە ۲۸ پارێزگادا ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە سەری هەڵدا و زیاتر لە سەد شاری ئێرانی گرتەوە، لە‌ کوردستان تەنیا پێنج شار خۆپیشاندانی لێکرا کەچی ڕادەی کوژراو و بریندارەکانی بەراورد بە شارەکانی دیکەی ئێران زۆر زیاتر بوو. کەواتە ڕادەی قوربانییەکان زۆرتر لە کوردستان بوو تا شارە گەورەکانی دیکەی ئێران کە دەستپێشخەری خۆپیشاندانەکەش بوون!

٤- حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەگشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی، چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە، دەتوانن چ ڕۆڵێک بگێڕن و تا چەندە هەنگاویان هەڵهێناوە؟

وەک خۆم دەتوانم ئاماژە بە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەگشتی و دەوری حیزبی ‌دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی بکەم. ناوەندی هاوکاری لەو پێوەندییەدا ڕاگەیەندراوێکی دەرکرد کە وێڕای بەپەرۆشبوونی بۆ گیانبەختکراوانی ئەم بزووتنەوەیە، لە هەمانکاتدا ڕێکاری گونجاوی بۆ پشتیوانی و درێژەدانی ئەم حەرەکەتە دەستنیشان کرد. گرنگتر لەوەش ڕۆحی یەکگرتوویی و تەبایی زیاتری لەنێو کوردانی ڕۆژهەڵاتدا دروست کرد تا بە ئیرادەیەکی پتەوەوە لەسەر داوا و خواستەکانیان بەردەوام بن. بە هەمان شێوە لەنێو ڕەوەندی کوردانی تاراوگەشدا هێزە سیاسییەکانی پێکهێنەری ناوەندی هاوکاری پێکەوە زنجیرە خۆپیشاندانێکیان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی وەڕێخست کە لە ئاستی نێونەتەوەییدا توانرا دەنگی خۆپیشاندەران بگەیەننە وڵاتانی ڕۆژاوایی.

ئەوەش کە دەگەڕێتەوە سەر حیزبی دێموکرات هەر لە دەستپێکی سەرهەڵدانی ئەو بزووتنەوەیەوە، هەم ناوەندی سیاسی و هەم لێپرسراوی گشتیی حیزب ڕاگەیەندراو و پەیامیان هەبوو. حیزبی دێموکرات وێڕای مەحکوومکردنی سیاسەتی ڕێژیم  لە گوشارهێنانی زیاتر بۆ سەر خەڵک، پشتیوانی و پشتگیریی خۆی لەو حەرەکەتە ناڕەزایەتییانەی خەڵک لە هەر شێوەیەکی مومکیندا دەربڕی و هیوای خواست ئەم حەرەکەتە سەرەتایەک بێت بۆ سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵک بەسەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئیراندا. هەروەها نیگەرانیی خۆی لە مەترسی بۆ سەر گیانی بریندار و دەستبەسەرکراوان دەربڕی و داوای لە ڕای گشتیی جیهانی و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکانیش کرد کە پشتیوانی لە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بکەن و گوشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێسلامی تا دەست لە توندتیژی بەرامبەر بەخۆپیشاندەران هەڵبگرێت و لە بەرامبەر گیانی بریندار و بەندکراواندا بەرپرسیار بێت و بۆ چارەسەرکردنی داخوازە بەرحەقەکانیان هەنگاوی جیددی هەڵبگرێت. 

٥- سەرکوتی دڕندانەی خەڵکی ناڕازی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە چ کاریگەرییەکی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ڕێژیم دادەنێت؟

بێگومان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەسەر دوو پرسی گرنگ کاریگەریی دەبێت: یەکەم، وتووێژی ئامریکا و ڕۆژاوا لەسەر پرسی ناوکی لەگەڵ ئێران.

دووهەم، پێوەندی و هەڵوێستی ئورووپاییەکانه سەبارەت بە سەرکوت و کردەوە دژە مرۆییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی دەرحەق بە خەڵکی ناڕازیی ئێران هەر وەک لە ئێستادا زۆر لە وڵاتەکان نیگەرانیی خۆیان لەو توندوتیژییەی هێزە نیزامییەکانی ئێران بەرامبەر بە خۆپیشاندەران گەیاندووەتە باڵوێزی ئێران لە وڵاتەکانیان و پارلمانی چەند وڵاتێکیش بەفەرمی ئەو پرسەی باسکردووە و لە نێویاندا پارلمانی وڵاتی سوئیدە کە زیاتر لە ٣٠ ئەندام پارلمانی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و نامەیەکیان بڵاو کردەوە و کردەوەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و خەڵکانی ناڕازی مەحکووم کرد.

بە شێوەیەکی گشتی لە هەر دوو پرسەکەدا ئێران لە بواری دیپڵوماسییەوە ‌دەکەوێتە خانەی زەعفەوە و بە زیانی دەشکێتەوە و ڕەوتەکە لە ڕاستای بەهێزبوونی هەڵوێست و بەرژەوندیی ئامریکا ‌و ڕۆژاوادا دەچێتە پێش، لە ئاکامدا ئێران زیاتر لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا پەراوێز دەخرێت. 

٦- ئایا کاردانەوەی وڵاتان سەبارت بە سەرکوتی دڕندانەی ڕێژێم تا ئێستا بە ڕادەی پێویست بووە و چ مانایەکی بۆ ڕێژیمی ئێران و دژبەرانی ئەو ڕێژیمە هەیە ؟

بەڵێ؛‌ کاردانەوەی بووە؛‌ لەوانەیە هێشتا شوێنەوارەکانی بە باشی دەرنەکەوتبێت. لەگەڵ ئەوەی هەڵوێست و کاردانەوەی دەوڵەتەکان لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی‌ خەڵکی زۆرلێکراوی ئێراندا نەبوو‌، بەڵام ڕووی دزێو و ڕیاکارانەی ڕێژیمی ئاخوندی زیاتر بۆ ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێو‌دەوڵەتی دەرکەوت، تەنانەت ئەو کەس‌‌ و لایەن و وڵاتانەش کە هەتا ئێستا شک و گومانێکیان هەبوو، ئەوەش نەما و بەو ڕاستییە گەیشتن کە ڕێژیمی ئیسلامی لەگەڵ هەموو عورف و یاسا نێونەتەوەییەکان نامۆیە و ڕێژیمێکە کە شیاوی گۆڕان و چاکسازی نییە. ئەوەش دەرخەری ڕاستییەکە کە ‌لەمێژ ساڵە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەگشتی و کورد بەتایبەتی لەسەر نێوڕۆک و سیاسەتی دژی گەلی و پاوانخوازانەی ڕێژیمی ئیسلامییان ناسیوە و بۆ بیروڕای گشتیی جیهانیان خستووەتە‌ڕوو.

٧- ناوندە مافە مرۆییەکان چ خزمەتگوزارییەکیان لەبەر دەستدایه و لە چ ڕێگایەکەوە دەتوانن گوشار بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران؟

ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئەگەر بە ئەرکی ڕاستەقینەی خۆیان هەستن، دەتوانن زانیاریی زۆر پێویست لەسەر پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی دەرحەق بە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو بخەنە ڕوو و هەروەها بەڵگەکانی ئەم جینایەت و کردەوانەی ئەم  دواییانەی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بەرامبەر خۆپیشاندەران و چالاکانی مافی مرۆڤ بدەنە دەستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بۆ ڕای گشتیی جیهانی ڕوونی بکەنەوە کە خەڵکی ناڕازی بۆ داواکردنی سەرەتاییترین مافەکانی، چەند دڕندانە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت.

بۆیە ئەم ناوەندانە دەتوانن لە ڕێگای خۆیانەوە وێڕای لەقاودانی جینایەت و پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی و گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان‌ و ئەنجومەنی ئاسایش بەرز بکەنەوە و لەسەر بەسزاگەیاندنی سەرانی ڕێژیمی ئێران پێداگری بکەن. لەو حاڵەتەدا گومانی تێدا نییە لەسەر هەڵوێست و بڕیارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کاریگەریی دەبێت.