کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لوقمان ئەحمەدی: پاڵپشتیی ئوپۆزسیۆنی دێموکرات و نەتەوەکانی ئێران، دەتوانێ رێگایەکی سێیەم بۆ ئەمریکا بێت

14:41 - 21 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لەگەڵ کۆمەڵێک ناوەندی بڕیاردەر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆبووەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ پێکهاتوو لە \'\'لوقمان ئەحمەدی\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و \'\'ناسر بوولیدەیی\'\' سەرۆکی حیزبی خەڵکی بەلووچستان، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٩ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆمەڵە دیدارێکیان لە کۆنگرەی ئەمریکا و تینک تەنکە کاریگەرەکانی ئەو وڵاتە پێکهێنا.

لەو دیدارانەدا شاندی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لەگەڵ هەردوو حیزبی دێموکرات و کۆماریخوازی ئەمریکا لە \'\'کۆنگرەی ئەو وڵاتە، کومیسیۆنی مافی مرۆڤی تۆم کانتۆز و هەروەها ناوەندەکانی کارنێگی و ئێن‌ئای‌دی\'\' کۆبووەوە.

لوقمان ئەحمەدی ئامانجی ئەم سەردانانەی بۆ کاریگەری دانان لەسەر ناوەندەکانی بڕیاردان و سیاسەتگوزاری لە واشەنگتن گەڕاندەوە و وتی: لەم هەلومەرجەدا کە باسی پەروەندەی ناوکیی ئێران لە ئارا دایە، پێویستە دەوڵەتی ئەمریکا ئاگادار بکەنەوە کە نابێت پرسی نەتەوەکانی ئێران و مافی مرۆڤ لە پەراوێز بخرێن.

ئەحمەدی لەم چاوپێکەوتنانە پشتیوانی کردنی ئوپۆزیسیۆنی دێموکرات و نەتەوەکانی ئێرانی وەکوو رێگای سێهەم لە قەڵەم دا کە ئەمریکا دەتوانێت لەم هەلومەرجەدا هەڵی بژێرێت.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەم چاوپێکەوتنانەدا باسی لەسەر ئەوە کرد کە کلیلی دێموکراسی لە ئێراندا پەژراندنی ئەو راستییەیە کە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە و دابەشکردنی دەسەڵات لە ناو ئەم نەتەوانەدا دەتوانێت دیمۆکراسی بۆ ئێران و لە هەمان کاتدا سەقامگیری و ئاشتی بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین مسۆگەر بکات.

لەم چاوپێکەوتنانە ناسر بوولیدەیی ئامانج و بەرنامەکانی کۆنگرەی روون کردەوە و وێڕای باس کردن لە بارودۆخی نەتەوەی بەلووچ لە ئێراندا وتی: نەتەوەکانی ئێران لە مافە سەرەتایییەکانی خۆیان بێ بەشن و هەتا کاتێک کە دەسەڵات بە شێوەیەکی یەکسان لە ناو هەموو نەتەوەکانی ئێران دابەش نەکرێت، ئەم سیستەمە بەم شێوەیە دەمێنێتەوە.