کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لوڕستان لە کۆچکردندا پلەی یەکەمی هەیە

13:09 - 27 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی پارێزگای لوڕستان، بەهۆی خراپیی دۆخی ژیان لەو پارێزگایەدا، ناچار بە کۆچ دەبن و لەم بارەدا پلەی یەکەمیان لە هەموو ئێراندا هەیە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی پووشپەڕ، هەواڵدەری "ئیرنا"ی سەر بە ڕێژیم بڵاوی کردەوە کە "عەلی هادی چگنی"، سەرۆکی ڕێکخراوی مودیرییەت و بەرنامەڕیژیی ڕێژیم لە پارێزگای لوڕستان ڕایگەیاندووە: "پارێزگای لوڕستان پلەی یەکەمی لە کۆچکردن لە هەموو ئێراندا هەیە و ڕێژەی کۆچکردن لەم پارێزگایەدا، ١٢ لەسەدە".

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، هۆکاری سەرەکیی کۆچکردنی خەڵکی ئەم پارێزگایەی بۆ نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، خراپیی دۆخی ژیان و نەبوونی ئاو گەڕاندووەتەوە و وتوویەتی: "داهاتی سەرانەی خەڵکی ئەم پارێزگایە تەنیا ٨ ملیۆن تمەنە، کە ئەمە دەرخەری هەژاریی خەڵکی ئەم ناوچانەیە".

"عەلی هادی چگنی"، لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە کە لەم پارێزگایەدا ١٣ میلیارد میتری چوارگۆشە "ئاوی سەتحی" هەیە و ٩ میلیارد میتری چوارگۆشەیان هەر لەنێو پارێزگای لوڕستاندا بەرهەم دەهێنرێن، بەڵام بەشی پارێزگای لوڕستان لەم سەرچاوە ئاوییانە کەمتر لە یەک میلیارد میتری چوارگۆشەیە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە بوونی ٧٣٥ کیلۆمیتر هێڵی گواستنەوەی وزە لەگەڵ ئەوەیکە هیچ چەشنە پاڵاوگە لەم پارێزگایەدا نییە، کردووە.

سەرەڕای هەموو پەراوێزخرانەکانی ئەم پارێزگایە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، لافاوی بەهاری ئەمساڵ بە بڕی ١٠ هەزار میلیارد تمەن زەرەر و زیانی بەم پارێزگایە گەیاند، کە بەرپرسانی ڕێژیم لەسەر پیشەی هەمیشەی خۆیان، هەتا ئێستا بە شێوەیەکی تەواو، قەرەبووی ئەم زیانانەیان نەکردووەتەوە.

خەڵکی پارێزگای لوڕستان، بە مەبەستی دابینکردنی ژیانێکی گونجاو و شیاوتر ناچار بە کۆچ دەبن و ڕوو لە پارێزگا و شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێران دەکەن، کە زۆربەیان لەو شارانەشدا لە ناوچە پەراوێزخراوەکان نیشتەجێ دەبن.