کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لیباسی "ئاسمان ‌گەردیـ"ـی ڕێژیمی ئێران دەستکردی ئاخوندەکان بوو

11:35 - 17 رێبەندان 2719

"محەممەد جەواد ئازەریی جەهرۆمی"، وەزیری پێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران دوای ئەوەیکە لە تویتێری خۆیدا جلوبەرگەی "ئاسمان ‌گەردیـ"ـی وەک دەسکەوتێک بڵاو کردەوە، لە میدیاکانی جیهاندا ڕیسوا کرا.

ڕۆژنامەی "بیڵد"ی ئاڵمانی لە سەردێڕی خۆیدا نووسیویەتی: "ئاخوندەکان جلوبەرگی ئاسمان‌ گەردیی ساختەیی و ناحەزیان ڕوونوێنی کرد".

ئەو ڕۆژنامەیە تویتی ئازەریی جەهرۆمیی "شەرمهێنەر" وەسف کردووە و لە درێژەدا نووسیویەتی، وەزیری کۆماری ئیسلامیی ئێران جلوبەرگی کارنەواڵی منداڵانی ئامریکایی وەک "داهێنانی گرینگی ئاخوندەکان" لە قەڵەم داوە.

"ئازەریی جەهرۆمی"، لە تویتێری خۆیدا وێنەی جلوبەرگێکی ئاسمان ‌گەردیی دانا و بە هەشتەگی داهاتووی ڕوون وەسفی ئەو جلوبەرگەی کردبوو.

لەسەر ئەو لیباسە، ئاڵای ڕێژیمی ئێران نەخشێندرابوو. بەڵام دواتر دەرکەوت ئاڵای ئەسڵیی ئەو جلوبەرگە هەڵکەندراوە و بە جێگای ئەو ئاڵای ئێرانیان لکاندووە.

دواتر دەرکەوت ئەو جلوبەرگەی کە وەزیری ڕێژیمی ئێران وەک داهێنان بڵاوی کردووەتەوە، جلوبەرگی منداڵانی ئامریکاییە کە بۆ کایە کەڵكی لێ وەردەگرن.

نرخی ئەو جلوبەرگە ٢٠ هەتا ٣٠ دۆلارە.

میدیاکانی جیهان لە دژکردەوەی خۆیان بەو جلوبەرگە باسیان لەوەش کرد، ڕێژیمی ئێران حەزێکی زۆریان بە مووشەک هەیە، بەڵام مووشەکی ڕێژیمی ئاخوندەکان تەنیا تەنەکەیەک زیاتر نییە.