کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێودەوڵەتی: حوکمی دادگا دژی "حەیدەر قوربانی" زاڵمانەیە

10:26 - 6 رەزبەر 2720

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە بڕیاری دادگا دژی "حەیدەر قوربانی" نادادپەروەرانەیە و دەبێ پێداچوونە بەو بڕیارە بکرێت.

لە بەیانییەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە "حەیدەر قوربانی" زیندانیی سیاسیی کورد کە لە مەترسیی ئێعدام دایە و حوکمەکەی لە دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسند کراوە.

لەو بەیانییەدا هاتووە ئەو تۆمەتانەی وەپاڵ "حەیدەر قوربانی" دراوە ڕاست نییە و تەنانەت داواکاریی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی دادگاییەکەی ڕەت کراوەتەوە.

لەو بەیانییەدا هاتووە "حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کوردی تەمەن ٤٧ ساڵ، لە ئەگەری ئێعدامدایە. بەرپرسانی ئیتلاعاتی، دادستانی و هێزی دادوەری ئوسوولی دادگاییەکی دادپەروەرانەیان لە دۆسییەی ئەو زیندانییە سیاسییە پێشێل کردووە و دادگای ئینقلابی شاری سنە، سەرەڕای ئەوەیکە لە بڕیاری خۆیدا ڕایگەیاندووە کە حەیدەر قوربانی هیچ کات چەکدار نەبووە، بەڵام ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "ڕاپەڕینی چەکدارانەی دژی بنەماکانی نیزام" (بەغی) بە ئێعدام مەحکووم کردووە.

لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە ئەو بڕیارە تەنانەت پێشێلکردنی ئەو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییانەیە کە خودی دەسەڵاتی ئێران قەبووڵی کردووە.

 ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە تۆمەتی "بەغی" بە ئێعدام مەحکووم کراوە و دیوانی باڵای وڵات ئەو حوکمەی پشتڕاست کردووەتەوە.

"حەیدەر قوربانی"، کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٥ دەسبەسەر کرا و هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم ناوبراویان بە هاوکاری لە "تێرۆری" چەند کەس لە دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیم تۆمەتبار کرد.

مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، تێلێڤزیۆنی ئینگلیزی زمانی "پرێس تیڤی" بە نیشاندانی ڤیدیۆیەکی دێکۆمێنتاری بە ناوی "شۆفیری مەرگ" (رانندە مرگ)، بەشێک لەو فیلمە دانپێدانانە زۆرەملێیەی ئەو زیندانییە کوردەی بڵاو کردەوە.