کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: ئازاری بنەماڵەی لەسێدارەدراوان، بەرابەر لەگەڵ ئەشکەنجەیە

14:01 - 6 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران دوای ٣٠ سال، لە ئازاردانی بنەماڵەی زیندانیانی لەسێدارەدراوی ساڵی ٦٧ی هەتاوی بەردەوامە و ئەمە لە لایەن ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەویی، بە ئەشکەنجەی بنەماڵەکان ناسراوە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەویی، بە بۆنەی ٥ی پووشپەر، ڕۆژی جیهانیی پشتیوانی لە قوربانییانی ئەشکەنجە، بە دەرکردنی ئاگادارییەک ڕایگەیاند کە هەڵسوکەوتە نامرۆڤانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ بنەماڵەی هەزاران زیندانیی لەسێدارەدراو لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا، بە شێوەی هەڕەشە و تۆقاندن بووە و ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک، ''قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتە نامرۆڤانەکان'' پێشێل دەکات.

لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەییدا هاتووە کە بە تێپەڕینی سێ دەیە لە کوشتنی هەزاران کەسی جیابیر و ئازادیخواز لە لایەن ڕێژیمی ئیرانەوە، تەرمەکانیشیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا چاڵ کردووە.

بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، ئێستاش لە ئازاردانی نزیکانی ئەو قوربانییانە دەستیان هەڵنەگرتووە و لە خستنەڕووی ڕاستییەکان خۆدەبوێرن و ئەندامانی بنەماڵەی قوربانییەکان کە بە دوای ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و بەڕێوەبردنی دادپەروەرین، وەبەر ئازار و هەڕەشە و تۆقاندنیان دەدەن.

'' فیلیپ لوتێر''، بەڕێوەبەری بەشی لێکۆڵینەوەکانی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریفا، لەم بارەیەوە وتی: "بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە دان پێدانان بە شێوەی فەرمی لە هەمبەر ئەو کوشتن و بڕین و ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان لە چارەنووس و شوێنی چاڵ کردنیان خۆدەبوێرن و ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە بنەماڵاکانیان بکەونە ژێر گوشارێکی بێڕەحمانەوە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە: "بێگومان ئەو دەردە دڵهەژێنە کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە بە سەر ئەو بنەماڵانەدا داسەپاوە، ئەسڵی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و هەر هەڵسوکەوتێکی بێڕەحمانە و نامرۆڤانە لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەیی پیشێل دەکات".

ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، هەزاران چالاکی سیاسی و کەسانی ئازادیخواز و جیابیر، لە لایەن ڕێژیمی جینایەتکاری ئیسلامیی ئێران لە زیندانەکاندا ئێعدام کران.

بەپێی ڕاگەیەندراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتە نامرۆڤانەکان ئەگەر لە هێرشێکی بەرنامەداڕێژراو و لە ئاستێکی بەریندا بێت، وەکوو جینایەت به دژی مرۆڤایەتییە.