کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای لە ئێران کردووە بەنیسبەت خۆپیشاندەرانی ئەحواز چەک بەکار نەهێنێت

18:24 - 1 گەلاوێژ 2721

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی هەینی ١ی گەڵاوێژ، لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژەدان بە کوژرانی ٨ کەس لە خۆپیشاندەرانی ئەم داویانەی ئەحواز داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە کە لە بەکارهێنانی چەک و توندتیژی دژی ناڕازییان دەست بپارێزێت.

لەو بەیاننامەیەدا ''دیانا ئەلتەحاوی''، جێگری بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بەکارهێنانی کەرەستەی شەڕ دژی خۆپیشاندرانی بە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر گیانی ئەو کەسانە و پێشێلکاریی ڕێژیمی ئێرانی لە پاراستنی گیانی خەڵک وەسف کردووە.

''ئەلتەحاوی'' هەوڵەکانی وەک تەقەکردن، بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و دەسبەسەریی ناڕازییانی لەم دوایانەدا بە تۆقێنەر و نایاسایی وەسف کردووە و بە وەبیرهێنەرەوەی هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران لە هەڵسوکەوت لەگەڵ خۆپیشاندەرانی خەزەڵوەری ٩٨ زانیوە کە هەتا ئێستا هیچ بەرپرسێک لەو بارەوە وڵامدەر نەبووە.

هەروەها لێبوردنی نێونەتەوەیی لە درێژەی ئەو بەیاننامیەدا داوای کۆتایی پێهێنان بە پچڕانی ئینتێرنێت لە ئەحواز کردووە.