کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: لەهەمبەر سەرکوتە خوێناوییەکان لە ئێران لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی بکرێت

12:10 - 2 رێبەندان 2720

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە سێهەمین ساڵوەگەڕی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک داوای کردووە دامەزراویەکی سەربەخۆی نێونەتەوەیی بۆ لێکۆڵینەوە بەنیسبەت سەرکوتە خوێناوییەکان لە ئێران و بەڕێوەبردنی عەداڵەت لە لەهەمبەر دەیان ناڕازی و یەک لەوان ئەو منداڵانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە کوژراون، پێک بێت.

لێبوردنی نێونەتەوەیی لەو بەیانییەدا بڵاوی کردووەتەوە، پاراستنی هێزە ئەمنییەکان لە بەدواداچوون و سزادان و هەروەها بێ دەنگی کۆمەڵگای جیهانی لەهەمبەر سەرکوتی خۆپیشادانەکانی پێشوو وای کرد کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە بێ ترس، لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٩٨ کەڵک لە هێزی سەرکوتکەر وەربگرن و سەدان کەس بکوژن.

لە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە شەپۆلێکی ناڕزایەتی گشتیی دژی ڕێژیمی ئێران دەستی پێکرد و بۆ ماوەی دە ڕۆژە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران خەڵک هاتنە سەر شەقام کە دەیان کەس لە خەڵکی ناڕازی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کوژران کە هەتا ئێستا ئامارێکی فەرمی و ورد لە کوژراوان لەبەردەستدا نییە و بەرپرسانی ڕێژیم بەرپرسیارەتیی کوشتاری خەڵکی ناڕازییان وە ئەستۆ نەگرتووە.

هەروەها لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ بە دوای گرانبوونی نرخی بێنزین لە سەدان شاری کوردستان و ئێران بۆ ماوەی چەند ڕۆژ خەڵکی ناڕازی دژی ڕێژیمی ئێران هاتنە سەر شەقام کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە توندترین و دڕندانەترین شێوە سەرکوت کران و بە هەزاران کەس کوژران و بریندار بوون.

لێبوردنی نێونەتەوەیی لەو بەیانییەدا باسی لەوە کردووە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئەو جینایەتانە پەردەپۆش دەکەن و هەڕەشە لە بنەماڵەی قوربانیان دەکەن کە ناڕزایەتی دەرنەبڕن.

هەروەها ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییە باسی لە بەرزبوونەوەی دەرکردنی حوکمی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی دوای بەفرانباری ساڵی ٩٦ کردووە و ئەمەی بە تاکتیکێک بۆ تۆقاندنی خەڵک وەسف کردووە.