کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی و دامەزراوەی بروومەند: ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران سەرلەنوێ پەرەی گرتووە

11:59 - 6 گەلاوێژ 2722

لە بەیاننامەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و دامەزراوەی عەبدولڕەحمان بروومەند کە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی گەلاوێژ بڵاو بووەوە، هاتووە کە لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا زیاتر لە ٢٥٠ کەس لە ئێران ئێعدام کراون.

بە وتەی ''دیانا ئەلتەحاوی''، جێگری بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ''لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، کۆماری ئیسلامی بە شێوەی نێونجی هەر ڕۆژە لانیکەم یەک کەسی ئێعدام کردووە''.

بە وتەی ناوبراو، ڕێژیمی ئێران لە ئاستێکی بەربڵاودا درێژە بە مرۆڤ کوشتن دەدا.

''ڕۆیا بروومەند''، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی عەبدولڕەحمان بروومەند وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ١٤٤ وڵات وازیان لە سزای ئێعدام هێناوە ڕایگەیاندووە کە بەرزبوونەوەی ژمارەی ئێعدامەکان جارێکی دیکە نیشاندەری ئەوەیە کە ئێران لەم ڕووەوە زۆر لە وڵاتانی دیکەی جیهان دواکەوتووە.

ئەو دوو رێکخراوە هۆشدارییان داوە کە ئەگەر ئێعدامەکان بە خێراییەکی ''شێتانە'' بڕۆنە پێش، ژمارەی ئێعدامەکان بەنیبسەت لە ساڵی ٢٠٢١ کە ٣١٤ کەس  بووە، زیاتر دەبێت.