کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: ڕەئیسی بە تۆمەتی جینایەت دژی مرۆڤایەتی دەبێ لیکۆڵینەوەی کەیفەریی لێ بکرێت

11:16 - 30 جۆزەردان 2721

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە کاردانەوە بەوەیکە ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' وەکوو سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران دیاری کراوە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و داوای لە وڵاتانی ئەندام لە شۆرای مافی مرۆڤ کردووە کە هەوڵێک ئەنجام بدەن.

''ئەکنێس کالامارد'' بەرپرسی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی وتوویەتی: ''ئیبراهیم ڕەئیسی بە جێگای ئەوەیکە لە بابەت جینایەتی دژی مرۆڤایەتی وەکوو کوشتن، بێ سەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجە لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت، بووەتە سەرکۆمار کە وەبیرهێنەرەوەیەکی تاڵە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئەم چەشنە تاوانبارانە دەپارێزێن''.

لە بەیاننامەی لێبوردنی نێونەتەوەیی هاتووە کە لە ساڵی ٢٠١٨ ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ئەو بەڵگەنامانەی کە ڕۆڵی "ئیبراهیم ڕەئیسی" لە هەیئەتی مەرگدا دەسەلمێنێت، خستووەتە ڕوو.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی باسی لەوە کردووە وڵاتانی ئەندامی شۆرای مافی مرۆڤ دەبێ هەوڵێکی دیاریکراو بۆ پێداچوونەوە بە پارێزراویی تاوانباران بە جینایەت لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران ئەنجام بدەن هەتا بتوانن بەستێنی دادگاییکردنی سەربەخۆ و دادپەروەرانە لەو وڵاتە دابین بکەن.

یەکێک لە گەورەترین حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە مێژووی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ی هەتاوییە کە ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' لە دەرکردنی حوکمی ئێعدامەکاندا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە.