کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: ئێران لە پاراستنی بەندکراوان لە بەرانبەر کۆرۆنادا کەمکاری کردووە

12:08 - 10 گەلاوێژ 2720

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە دوو تویتدا بڵاوی کردووەتەوە کە نامەگەلێکی فەرمی بە دەستی ئەو ڕێکخراوە گەیشتووە کە ڕێژیمی ئێران بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بەندیخانەکان بۆ دەرمانی تووشبووانی کۆرۆنا و پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە کەمکاریی کردووە.

ئەو ڕێکخراوە بڵاوی کردووەتەوە، بەرپرسانی باڵای بەندیخانەکان چەندین جار داوای کەرەستە و پێداویستییان بۆ پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە و چاک کردنەوەی تووشبووان کردووە، بەڵام ڕێژیم ئەو داواکارییانەی خستووەتە پشتگوێ.

"دیانا ئەلتەحاوی"، جێگری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقای ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، وتوویەتی، ئەو نامانەی بە دەستی ئەم ڕێکخراوە گەیشتوون بەڵگەگەلێکی ڕیسواکەرن لە کەمکارییە کارەساتبارەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ پاراستنی بەندکراوان.

لێبوردنی نیونەتەوەیی هەروەها وتوویەتی، بەپێی ئەو نامەگەلە داواکاریی بەردەوام بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وەک: "مادەی دژەگەندکردن، کەلوپەلی پاراستنی کەسی و کەلوپەلی پزیشکی" لە وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم خراوەتە پشتگوێ.

ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی مەترسیدار لە بەندیخانەکانی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بڵاو بووەتەوە و هەڕەشە لە گیانی بەندکراوان دەکات کە لە نێوانیاندا بەندیخانەکانی کوردستان دۆخێکی مەترسیدارتریان هەیە و ڕێژیم هەروا پشتگوێی خستوون.