کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێودەوڵەتی بەنیسبەت ئێعدامکردنی ''شایان سەعیدپوور'' ناڕەزایەتیی دەربڕی

12:21 - 3 بانەمەڕ 2720

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ئێعدامکردنی ''شایان سەعیدپوور'' لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوەی بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان ڕێگەپێنەدراو ڕاگەیاند و ئەمەی بە نیشانەی بوغزاویبوونی ئەو ڕێژیمە ناو لێ برد.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک ئێعدامکردنی ''شایان سەعیدپوور''ی بە شایەتییەکی دیکە لە خەمساردی و کەمترخەمیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە مافی ژیان زانی.

''شایان سەعیدپوور''، زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕ، لە زیندانی سەقز لەسێدارە درا.

ناوبراو ساڵی ٩٤ و لە کاتێکدا کە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵ بوو، بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە کاتی شەڕ و دەمەقاڵێدا، بە ئێعدام مەحکووم کرا و ئەو حوکمەش لە مانگی بەفرانباری هەمان ساڵ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرابووەوە.

''دایانا ئەلتەهاوی''، جێگری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا لە ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ئێرانی بە یەکێک لەو دەگمەن وڵاتانەی جیهان ناو برد کە هێشتا لە سزای ئێعدام دژی مێرمنداڵان کەڵک وەردەگرێت.

ڕێکەوتی ٨ی خاکەلێوە، ''شایان سەعیدپوور'' لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکان لە زیندانی سەقز توانی لە زیندان هەڵبێت؛ ئەو زیندانییە مەحکووم بە ئێعدامە دواتر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی لێبووردنی نێودەوڵەوتی لەبارەی سزای ئێعدام لە جیهان کە ڕۆژی سێشەممە بڵاو بووەوە، لەسەر ئەوە جەخت کراوەتەوە کە سەرەڕای دابەزینی ژمارەی ئێعدامەکان لە جیهان، ڕێژیمی ئێران دوای وڵاتی چین دووهەمین بەڕێوەبەری سزای ئێعدامە.