کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێونەتەوەیی: حەوت زیندانیی کوردی سوننە مەزهەب مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە

12:37 - 12 رەشەمه 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمە، "لێبووردنی نێونەتەوەیی" ڕایگەیاند، حەوت زیندانیی سوننە مەزهەبی کورد لە زیندانی "ڕەجایی شار"‌ی کەرەج مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە، "ئەنوەر خزری"، "ئەیووب کەریمی"، "داود عەبدوڵڵاهی"، "فەرهاد سەلیمی"، "قاسم ئابستە"، "کامران شێخە" و "خوسرەو بشارەت" مانگی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی بە تۆمەتی "افساد فی الارض" لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری تارانەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

"لێبووردنی نێونەتەوەیی" دادگاییکردنی ئەو حەوت زیندانییە بە "ناڕەوا" دەزانێت و ڕایگەیاندووە کە بە زۆرەملێ دانپێدانان لەو زیندانییانە وەرگیراوە.

ئەو حەوت زیندانییە مەزهەبییە دوای دەسبەسەرکرانیان لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە، تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکانیان درایە پاڵ، بەڵام ئەوان ئەو تۆمەتەیان ڕەت کردووەتەوە.

ئەو حەوت زیندانییە لە نێوەڕاستی مانگی سەرماوەزی ١٣٨٨ی هەتاوی تا سەرەتای هەمان ساڵ لە پارێزگای ورمێ دەسبەسەر کرابوون.

ڕاپۆرتی لێبووردنی نێونەتەوەیی هەروەها ڕایدەگەیەنێت کە دادوەری دادگا مافی بەرگریکردنی یاسایی لەو حەوت زیندانییە ئەستاندووەتەوە. هەروەها داوای هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارەدان و بەڕێوەچوونی سەرلەنوێی دادگایەکی عادڵانە بۆ ئەو زیندانییانەی کردووە.