کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێونەتەوەیی زانیاریی لەسەر ٣٢٤ کەس لە کوژراوانی خەزەڵوەری ٩٨ بڵاو کردەوە

11:07 - 26 خەزەڵوەر 2721

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی نوێ ژمارەی قوربانییانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی بە دێکۆمێنت کردووە و بە زیاترکردنی ٢٠ کەسی دیکە ژمارەی قوربانییان گەیشتووەتە ٣٢٤ کەس.

ئەو ناوەندە لە ڕاگەیەندراوی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە ڕێژەی کوژراوان زۆر زیاترە و لە ناوی ئەو کەسانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو کوژراوانی ٩٨ ناسێندراون ئاگادارە، بەڵام بەهۆی نەبوونی دڵنیایی و وردەکاریی زیاتر هێشتا ناوی تۆمار نەکردوون.

بە وتەی لێبووردنی نێونەتەوەیی دەستپێڕانەگەیشتن بە زانیاری تا ڕادەیەکی زۆر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەهۆی سەپاندنی فەزای ترس و تۆقاندن لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە بنەماڵەکان ناتوانن قسە بکەن.

خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ کە دوای گرانکردنی لەناکاوی نرخی بێنزین هاتە ئاراوە، لێبووردنی نێونەتەوەیی وتوویەتی، بەکار‌هێنانی چەکوچۆڵ لە دژی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە هەوڵێکی نایاسایی بووە.

لە ڕاگەیەندراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی هاتووە: ''خۆبواردنی بەرپرسانی ئێران لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکانی پەیوەندیدار بە ڕێژەی کوژراواان، ئەنجامی لێکۆڵینەوەی کەیفەری و لێپێچینەوە لە بکەرانی ئەو کوشتارە، دەرد و ئازاری بنەماڵەکانی زیاتر کردووە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا ئامارێکی ڕاستیان لە ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ٩٨ باس نەکردووە.

''عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی'' وەزیری ئەو کاتی نێوخۆی ڕێژیم وتبووی کە لەنێوان ٢٠٠ هەتا ٢٢٥ کەس کوژراون، لەلایەکی دیکەوە هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' لە مانگی بەرفرانباری هەمان ساڵدا لە ڕاپۆرتێکدا وتبووی کە نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەس کوژراون.