کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێونەتەوەیی سەبارت بە توندوتیژیی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەران هۆشداریی دا

18:55 - 27 بانەمەڕ 2722

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە سەرکوتی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە بەیاننمایەکدا ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە چاوەدێریکردن بەسەر هێزە ئەمنییەتییەکان پێش بە دووپاتبوونەوەی خوێنڕشتن بگرن.

لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی بانەمەڕ، لە تویتێری خۆیدا جەختی کردەوە کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی یەک لەوان ئەندامانی شورای مافی مرۆڤ دەبێ بەرپرسانی ڕێژیمی ئیران بخەنە ژێر گوشارەوە تاکوو لە بەکارهێنانی چەکی کوشندە و گولـلەی ساچمەیی لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان کەڵک وەرنەگرن و بەپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای ڕێکارێکی تایبەت ناچار بکەن وڵامدەر بن.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە لەسەر ئەوە جەختی کردەوە، خەڵکی ئێران مافی ئەوەیان هەیە کە بتوانن بە شێوەیەکی ئاشتییانە و بەبێ ئەویکە لەگەڵ ترس، توندوتیژی و هەڕەشەی دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجە ڕوبەڕوو ببنەوە، بۆ ڕێکخستن و بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان هەنگاو هەڵبگرن.

لێبووردنی  نێونەتەوەیی نووسیویەتی: ''دەستپێڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەت لە کاتی خۆپیشاندان زۆر پێویستە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ پێکهینانی خەفەقان و شاردنەوەی پێشلیکارییە مافی مرۆییەکان دەبێ کۆتایی بە پچڕانی ئینتێرنێت بێنێت''.

هاوکات ٥٠٠ چالاکی سیاسی و مەدەنی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی ڕێژیم لەگەڵ خۆپیشاندەرانی وەزاڵەهاتوو، هۆشداریی دا.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ''ئێمە کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی بە بەرپرسانی باڵای ڕێژیم هۆشداری دەدەین پێش ئەوەیکە کە درەنگ بێت، بۆ کۆنترۆڵی کێشەکان بە تایبەت گرانی و هەڵاوسانی تاقەتپڕووکێن بیرێکی ئەوتۆ بکەنەوە''.

ئەو چالاکانە نووسیویانە: "ئەگەر ڕێکاری ڕێژیم لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆپیشاندانی خەڵک سەرکوت، گرتن و لێندان بێت، نەتەنیا کێشەیەک چارە نابێت، بەڵکوو زیاتر پەرە بە ئاگری خۆپیشاندانەکان دەدات".