کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێونەتەوەیی: لانیکەم ٩٦ زیندانی لە ئێران بەهۆی بێبەشبوون لە خزمەتگوزاریی پزیشکی گیانیان لەدەست داوە

18:53 - 23 خاکەلێوه 2722

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک جەختی کردەوە کە بەرپرسانی زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران بە کەمترخەمیی بەئەنقەست و پێڕانەگەیشتن بە دۆخی تەندروستیی زیندانییانی ئەو وڵاتە، تووشی پێشێلکردنی بەرچاوی مافی مرۆڤ دەبن.

لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خاکەلێوە لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی ''لە ژووری چاوەڕێی مەرگ''، چەندین بەڵگەی بڵاو کردووەتەوە کە نیشان دەدات، کردەوەی بەرپرسانی زیندانەکانی ئێران بووەتە هۆی مردنی زیندانییان.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەو زیندانییانە لە دەستپێڕاگەیشتن بە فریاکەوتنی خێرای پزیشکی بێبەشن یان بە درەنگییەوە دەستیان پێ ڕادەگات.

بە وتەی لێبووردنی نێونەتەوەیی، دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێران لە پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ئەو مەرگانە خۆی بواردووە و ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە ئەو کەمترخەمییە بەئەنقەستەی بە نموونەیەکی ڕیشەدار لە سیستمی دادوەریی ئێران ناو لێ بردووە.

''دیانا ئەلتحاوی'' جێگری نووسینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقای لێبووردنی نێونەتەوەیی لەو بوارەدا وتوویەتی: ''ئاوڕنەدانەوەی مەترسیداری بەرپرسانی ئێران لە گیانی مرۆڤەکان، زیندانەکانی ئەو وڵاتەی کردووەتە ژوورێکی مەرگ بۆ زیندانییان، شوێنێک کە ئەو نەخۆشانەی کە ئیمکانی چارەسەرکردنیان هەیە بە شێوەیەکی دڵهەژێن دەکوژرێن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە مانگی ژانویەی ساڵی ٢٠١٠ هەتا ئێستا لانیکەم ٩٢ پیاو و ٤ ژن لە ٣٠ زیندان و لە ١٨ پارێزگای ئێران بەهۆی ئاوڕنەدانەوەی بە ئەنقەستی بەرپرسان بە دۆخی تەندروستیی زیندانییان گیانی خۆیان لەدەست داوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ٢٢ کەس لەو ٩٦ کەسە کە گیانی خۆیان لەدەست داوە، زیندانییانی کورد و تورک لە زیندانی ورمێ بوونە.